رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن هۆشدارییەک لەبارەی هەورەبرووسکەوە دەدات و دەڵێت: هەر کەسێک هەورەبرووسکە لێی بدات، مانای ئەوەی نییە جەستەی کارەبای تێدایە و کارەبای تێدا ماوە.
د. سۆلین کاوە، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بە رووداوی راگەیاند، ئەوە هەڵەیە کە هیچ کەسێک نزیک ئەوانە نەکەونەوە کە هەورەبرووسکە لێی داون بە بیانووی ئەوەی، هێشتا کارەبا لە جەستەیان هەیە.
د. سۆلین کاوە هۆشداریش دەدات کە کەمترین جووڵە بە کەسی بەرکەوتوو بە هەورەبرووسکەوە بکرێت و راستەوخۆ پەیوەندی بە 122ـی فریاکەوتن بکرێت، ئەگەریش هەناسەی نەبوو، سینگەدڵە بووژاندنەوەی بۆ بکرێت.
بە گوێرەی ناوەندی فریاگوزاریی سەرەتایی نیشتمانی، سووتانی پێست و تێکچوونی دەمارەکان باوترین پاشهاتی مەترسیداری بەرکەوتنن بە هەورەبروسکە.
هاوکات ناوەندەکە ئەوەش باسدەکات، پێویستە فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ ئەوانە بکرێت کە بەر هەورەبرووسکە دەکەون، بەتایبەت فریاگوزاریی سەرەتایی سینگەدڵە بووژاندنەوە کە ناسراوە بە CPR.
چۆن خۆت لە هەورەبرووسکە دەپارێزیت؟
* دوورکەوتنەوە لە کەلوپەلی کانزایی
* دوورکەوتنەوە لە شوێنی بەرز
* دوورکەوتنەوە لە شوێنە کراوەکان
* چوونە نێو پەناگەیەک
* بەکارنەهێنانی ئامێرەئەلیکترۆنییەکان
کاریگەرییەکانی بەرکەوتنی هەورەبرووسکە
- تێكچوونی کۆئەندامی دەمار
- ناڕێکیی لێدانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- جەڵتە
- ئیفلیجی
- لەدەستدانی بیستن
- سووتانی پێست


