رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی لە زانکۆی وەتەرلۆ لە کەنەدا دەریدەخات، ڤیتامین C دەتوانێت رێگری لەو کارلێکە کیمیاییە زیانبەخشانە بکات کە لە گەدەدا بەهۆی خواردنی گۆشتی ئامادەکراو و مادە نایتراتەکانەوە دروست دەبن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.
د. ئانیتا لایتن و تیمەکەی لە زانکۆی وەتەرلۆ دەریخستووە، لەڕێگەی مۆدێلێکی وردەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کارلێکی خۆراک، لیک و ترشەڵۆکی گەدە کرد. توێژینەوەکە تیشکی خستە سەر پرۆسەی نایترات کە تێیدا مادەکانی نایترات کە لە گۆشتی دەستکاریکراو وەک سۆسج و بەیکن، هەروەها لە ئاوی خواردنەوە و هەندێک سەوزەدا هەن لە گەدەدا دەگۆڕێن بۆ ئاوێتەی مەترسیدار کە پەیوەندییان بە شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرسەوە هەیە.
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوت، بوونی ڤیتامین C لە گەدەدا وەک بەربەستێک کاردەکات و رێگری دەکات لەوەی نایترایتەکان بگۆڕێن بۆ مادەی شێرپەنجەیی. هەروەها، توێژینەوەکە هۆکاری جیاوازیی نێوان سەوزە و گۆشتی ئامادەکراوی روونکردەوە، سەوزە گەڵاتۆخەکانی وەک سپێناخ هەرچەندە نایتراتیان تێدایە، بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C، زیانەکە پووچەڵ دەکەنەوە، بە پێچەوانەی گۆشتی ئامادەکراو کە هیچ دژەئۆکسێنێکی پارێزەری تێدا نییە.
بۆ پاراستنی تەندروستیی گەدە و کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە، توێژەران و پسپۆڕانی خۆراک ئەم رێنوێنییانە دەدەن:
- لەگەڵ ژەمە خۆراکییەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی گۆشتیان تێدایە، ئەو خۆراکانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C (وەک پرتەقاڵ، لیمۆ، بیبەری شیرین، تەماتە و شلیک).
- خواردنی گۆشتی ئامادەکراو و دەستکاریکراو کەم بکەرەوە، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی نایترایتە زیانبەخشەکانن.
- خواردنی تەواوکەری ڤیتامین C راستەوخۆ دوای ژەمەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو دروستبوونی ماددە زیانبەخشەکان لە گەدەدا کەم بکاتەوە، بەڵام باشتر وایە لەڕێگەی خۆراکی سرووشتییەوە وەربگیرێت و بۆ بەکارهێنانی دەرمان راوێژ بە پزیشک بکرێت.



