رووداو - تەندروستی
زانکۆی کالیفۆرنیا دەریدەخات، خەوی قووڵ هۆکاری سەرەکین بۆ نوێبوونەوەی خانەکان، سووتاندنی چەوری و گەشەی ماسولکەکان لە جەستەی مرۆڤدا.
د. شینلو دینگ، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی کالیفۆرنیا، توێژینەوەیەکی لەسەر چالاکییە دەمارییەکانی مێشک لە قۆناخی خەودا ئەنجامدا. توێژینەوەکە تیشکی خستە سەر خانەکانی ناوچەی هایپۆسەلەمۆس کە بەرپرسە لە رێکخستنی زیندەچالاکی، سووڕی خەو و هۆڕمۆنەکان.
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوت، لە کاتی خەوی قووڵدا مێشک هۆڕمۆنی گەشە دەردەدات کە یارمەتیدەرە بۆ شیکردنەوەی چەوری و چاککردنەوەی شانە ماسولکەییەکان. هەروەها، دوای هەستان لە خەو، چەند هۆڕمۆنێکی دیکە کە هۆشیاریی مێشک چالاک دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە مێشکێکی تیژ و وزەیەکی زۆرەوە لە خەو هەستێت.
بۆ پاراستنی خەوێکی تەندروست، ئەم پسپۆڕە رێنوێنی دەدات:
- رۆژانە لە یەک کاتدا بخەوە و لە هەمان کاتدا هەستە بۆ ئەوەی هۆڕمۆنەکانت جێگیر بمێنن.
- بۆ ماوەی 60 بۆ 90 خولەک پێش خەوتن، لە بەکارهێنانی مۆبایل و شاشەکان دووربکەرەوە، چونکە رووناکییەکەیان رێژەی هۆرمۆنی مێلاتۆنین (هۆرمۆنی خەو) کەمدەکاتەوە.
- فێنک راگرتنی ژووری خەو یارمەتی دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە دەدات کە بۆ چوونە ناو قۆناخی خەوی قووڵ گرنگە.



