رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، راهێنانی سەماکردن دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی تێگەیشتنمان هەبێت، نەک تەنیا بۆ جووڵە بەڵکو بۆ دەربڕینە سۆزدارییەکانی رۆژانەش.
ئەنجامەکان دەریانخست، جیاوازییەکی بەرچاو لە چالاکیی مێشکی سەماکاران و کەسانی ئاساییدا هەیە، بەتایبەتی لە وەڵامدانەوەی زووتری مێشکیان بۆ دەربڕینی دەموچاوە سۆزدار و بێلایەنەکان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی راهێنانی هونەریی تایبەتمەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی مرۆڤ هەبێت.
پرۆفیسۆر د. بیتریز کالڤۆ-مێرینۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "کاریگەریی شارەزایی لە سەماکردندا لە جووڵە تێدەپەڕێت و دەچێتە نێو میکانیزمەکانی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، وەک مامەڵەکردن لەگەڵ دەموچاو و سۆزەکان. ئەمە بەڵگە لەسەر کاریگەریی هونەر لەسەر تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو''.
توێژەران بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان شارەزایی لە سەماکردن و پرۆسەی سۆزەکاندا، پشتیان بە 26 سەماکاری پیشەگەری بالێ و 26 کەسی ئاسایی بەست کە ئەزموونی سەماکردنیان نەبوو.
سەمای بالێ, جۆرێکە لە سەمای هونەریی نمایشکاری کە لە سەدەی 15 لە ئیتاڵیا سەریهەڵدا و دواتر لە فەرەنسا و رووسیا گەشەی کرد. ئەم سەمایە پشت بە تەکنیکی ورد و جوڵەی رێک و پێک دەبەستێت، کە تێیدا سەماکاران بە بەکارهێنانی مۆسیقای کلاسیک چیرۆکێک دەگێڕنەوە. بالێ بەهۆی جوانی و جوڵە ناسکەکانییەوە ناسراوە و لە سەرانسەری جیهاندا وەک فۆرمێکی باڵای هونەری سەیر دەکرێت.



