رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، نەشتەرگەریی پێکەوەبەستنی خوێنهێنەر و خوێنبەر (AV fistula) بۆ تووشبووێکی نەخۆشیی گورچیلە ئەنجامدرا.
د. رزگار غەریب، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و لوولەکانی خوێن بە رووداوی راگەیاند، "ئەم نەشتەرگەرییە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە پێویستیان بە شوشتنی گورچیلەیە، چونکە رێگەی پێشوو کە بەکارهێنانی کانۆلا بوو، نەخۆش دوای 2 بۆ 3 هەفتە تووشی هەوکردن دەبوو و پێویستی بە گۆڕین دەبوو''.
بە گوتەی د. رزگار غەریب، لە رێگەی ئەم نەشتەرگەرییەوە نەخۆش دەتوانێت بۆ ماوەی 5 بۆ 7 ساڵ بەکاریبهێنێت و لە دانانی بەردەوامی کانۆلا و مەترسیی تەقینی خوێنبەرەکانی بەدوور بێت.
پێشتر ئەم نەشتەرگەرییە لە هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕ و کەرەستەی پزیشکییەوە ئەنجام نەدەدرا، بەڵام ئێستا ئەو گرفتانە چارەسەرکراون.
شایەنی باسە، تێچووی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە لە کەرتی تایبەت لەنێوان 1 بۆ 2 ملیۆن دیناری عێراقییە.
نەشتەرگەریی AV fistula، بریتییە لە بەستنەوەی خوێنبەر و خوێنهێنەر کە زۆربەی کات لە قۆڵدا دەکرێت. ئەم نەشتەرگەرییە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە پێویستیان بە شوشتنی گورچیلە هەیە. بەهۆی ئەم بەستنەوە، خوێنهێنەرەکە پتەوتر و گەورەتر دەبێت، ئەمەش وادەکات پرۆسەکە ئاسانتر و کاریگەرتر بێت.


