رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێویستی پزیشکیی هەرێمی کوردستان، سێ بەرهەرمی تەواوکەری خۆراکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کشاندەوە، ئامانجەکەی سەلامەتی خەڵک و تەندروستی گشتییە .
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان، بەرپرسی هۆبەی هۆشیاری و تەندروستی لە دامەزراوەی KMCA رۆژی یەکشەممە 15-11-2026بە رووداوی راگەیاند:" بڕیارماندا بەرهەمی قاوەی رۆما ،قاوەی میلانۆ، چای جینسینگ کە بۆ قەڵەوبوون و لاوازبوون بەکاردەهێنران لە بازاڕ بکێشرێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆچوونی بازاڕمان وەرگرت و دەرکەوت ئەم بەرهەمانە، بڕێکی زۆر مادەی شاراوەی مەترسیدارو قەخەکراوی سیبومترامین Sibutramine ـی تێدایە .''
ئاماژەی بەوەشدا:" لە رێگەی لیژنەیەکەوە بڕیارماندا ئەم بەرهەمانە بهێنرێنە تاقیگەو بپشکنرێن، هەرسێکیان لە رابردوودا رێگە پێدراوبوون و نزیکەی 10 ساڵ دەبێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، لە رێگەی نۆرینگەکان و ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێن.''
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان دەڵێت:" ماددەیەک لەناو ئەم بەرهەمانەدا هەیە پێشتر لەلایەن کارگەی درووستکەر و کۆمپانیای هاوردەکار لە بەڵگەنامەکان ئاماژە بە بوونی نەکرابوو.''
ئەم سێ بەرهەمەی لەلایەن دامەزراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قدەخەکراون و لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەکشێنرێنەوە مەترسی لەسەر دڵ و کۆئەندامی سوڕانی بەکارهێنەر درووستدەکات، ئەو دەرمانە لە ساڵی 2010ـەوە لە بازاڕی دەرمانی سەرجەم وڵاتان کشێنراوەتەوە.
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان خەڵک ئاگادار دەکاتەوە کڕین و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە رابگرن، دەرمانخانەکان و کۆگەکانی دەرمانیش پێویستە دەستبەجێ کڕین و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.



.png&w=3840&q=75)