رووداو - تەندروستی
خوێندکارێکی بەشی ئامار و زانیاری لە زانکۆی سلێمانی پڕۆژەیەکی ئەلیکترۆنی دامەزراندووە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی خوێنیان پێویستە. دامەزرێنەری پڕۆژەکە دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئەوەیە، هیچ نەخۆشێک بەهۆی دەستنەکەوتنی خوێنەوە، ژیانی نەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14-11-2026 هاوکات لەگەڵ یادی 242 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی؛ هێدی هاشم، خوێندکاری قۆناخی چواری بەشی ئامار و زانیاری لە زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تۆڕێکی دیجیتاڵی داناوە بە ناوی (تۆڕی نیشتمانیی خوێن) و وەکو دیارییەک دەیبەخشێتە دانیشتووانی سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی هێدی هاشم، (تۆڕی نیشتمانیی خوێن) پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵییە، بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) بەردەستە، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە قەیرانی گەڕان بەدوای بەخشەرانی خوێندا لە کاتە هەستیار و کتوپڕەکاندا. سیستمەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و خێرا لە نێوان نەخۆشخانەکان، بانکەکانی خوێن و بەخشەراندا دروستدەکات تاوەکو هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی خوێنەوە ژیانی نەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەیاد عوسمان، پسپۆڕی ژیریی دەستکرد لە بەشی ئامار و زانیاری لە زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمە پلاتفۆڕمێکی گرنگە کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بژاردە بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ وەرگر و بەخشەرانی خوێن بکات. تەنانەت گوتی: تەکنیکی زۆر پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە و بە ئەزموونیش تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە.
ئێستا هێدی هاشم داوای پشتگیری دەکات لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی کارەکەی ببێتە فەرمی و لەلایەن وەزارەتەوە بەکاربهێندرێت تاوەکو بە زووترین کات خوێن دابینبکرێت و سیستمەکە بکرێتە دیجیتاڵی.
ئەو روونی دەکاتەوە، سیستمەکە بەپێی ستانداردی WHO داڕێژراوە و لەڕێگەی ئەو پلاتفۆڕمەوە هەر کەسێک دەتوانێت ببینێت کە نەخۆشخانەکان چەند بووتڵی خوێنیان هەیە لە کۆگەکانیان، تەنانەت هەر کەسێک پێویستیی بەخوێن بوون، لەڕێگەی نیشاندەر (Notification) دەچێت بۆ هەموو بەشداربووان و هەموو نەخۆشخانەکان تاوەکو بە زووترین کات ئاگاداری بن و زوو بڕی پێویستی خوێن بۆ کەسی داواکراو پڕ بکەنەوە.
چۆن کار دەکات؟
لەم لینکەوە https://kurd-blood.vercel.app هەر کەسێک دەتوانێت ببێت بە بەخشەر و زانیارییەکانی تۆمار بکات، دواتر لە ئەگەری هەر پێویستییەک بۆ خوێن، نۆتیفیکەیشن بۆ بەخشەر دێتەوە لەڕێگەی نامە و پێی دەگەیێندرێت کە چ جۆرێکی خوێن پێویستە و لە چ شوێنێکیشە.
کاتێک کەسێک داواکارییەکی خوێنی بۆ دێت، راستەوخۆ لۆکەیشنی ئەو نەخۆشخانەیە دەکرێتەوە کە پێویستە کەسی بەخشەر بچێت خوێنەکەی ببەخشێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بۆ داواکارەکە دابینبکرێت. تەنانەت کاتێک لەلایە نەخۆشخانەکانەوە داواکریی بەخشینی خوێن دەنێردرێت بۆ بەخشەرەکان، راستەوخۆ بۆ هەر بەخشەرێک لۆکەیشنی نەخۆشخانەکە پێشاندەدرێت، بۆ ئەوەی بەخشەران بە زووترین کات بچنە نەخۆشخانەکە و خوێنەکە ببەخشن.
.png&w=3840&q=75)


