رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی ئیڤێنتی دکتۆر تۆک بوو و لە هەولێر ئیڤێنتی دکتۆر تۆک بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو؛ لە دکتۆر تۆک پزیشکان چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان باس کرد و 30 پزیشک چەندین چیرۆکی نەبیستراویان گێڕایەوە.
چیرۆکە شارەوەکانی پزیشکان لە دکتۆر تۆک بینەرێکی زۆری هەبوو لە سۆشیاڵ میدیاکانی رووداو و لەم لینکەوە دەتوانن بینەری تەواوی چیرۆکەکان بن.
پاشان لە هەڤپەیڤینێکیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی کرد هەر لەنێو ئیڤێنتەکە؛ د. عەبدولخالق ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ رایگەیاند، جوانترین دیمەن لەلای من گەڕانەوەی هەستی بیستنە لەلای نەخۆشەکانم.
ئەو جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پزیشک بەشێکی زۆری ژیانی بۆ خۆی نییە و کە لە کار تەواو دەبێت، سەرەتا دەچێت سەردانی دایکی دەکات، بەڵام زۆرجاریش ئەوەی پێ ناکرێت.
ئەوەش ئاشكرا دەکات کە حەزی لە گۆرانییە رەسەنە کوردییەکانە.
یەکێکی دیکە لە میوانەکان د. رەعد نەجمەدین، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ بوو و گوتی: سەردەمی کۆڤید-19 ماوەیەکی پڕ لە گوشار و قەیران بوو بۆ کەرتی تەندروستی.
د. رەعد نەجمەدین ئەوەشی گوت ''خۆم یەکەم کەس بووم لەماڵباتەکەم کۆرۆنام گرت، چونکە بەرکەوتەم لەگەڵ نەخۆشدا هەبوو''، چونکە ''ئێمە کە پزیشکانی قوڕگ، لووت و گوێین زوو زوو تووشی پەتاکان دەبین''.
بەگوتەی د. رەعد، لەکاتی تووشبوون بە پەتا، بایەخ بە میوە دەوڵەمەندەکان بە ڤیتامین C دەدات.
د. زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی جوانکاری و چارەسەرییەکانی دەم و ددان رایدەگەیێنێت، زۆرجار بە نەخۆش دەڵێین کە چی باشە بۆ ددانەکانی، بەڵام بەگوێمان ناکات و نەخۆش هەبووە، پێم گوتووەکە ددانی بۆ دەرناهێنم، بەڵام نکۆڵی لێ کردووە و رۆیشتووە.
د. زەردەشت برادۆستی لەبارەی ژیانی خۆیەوە گوتی: وەرزش و زووخەوتن دوو خووی هەمیشەیی منن و هاندەری ریال مەدرید و ئیسپانیام. لەبارەی هۆڵیوود سمایڵیشەوە دەڵێت: جوانکاری تەنیا هۆڵیوود سمایڵ نییە و جوانکاریی دەم و ددان پڕۆسەیەکی وردە و تەنیا هۆڵیوود سمایڵ نییە.
لە کۆتاییدا گوتی: جوانکاریی دەم و ددانم کردووە ومەرج نییە هەموو کەسێک گونجاو بێت بۆ ئەوەی هۆڵیوود سمایڵی بۆ بکرێت.
.png&w=3840&q=75)

