رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەکرە، نزیکەی 589 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو (تەمەن 20 بۆ 79 ساڵ) لە سەرتاسەری جیهاندا نەخۆشیی شەکرەیان هەیە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 9.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی شەکرەی جۆری یەک بوون.
شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە کاتێک روودەدات پەنکریاس ناتوانێت بڕی پێویست لە هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت یان جەستە ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو ئەنسۆلینە بەکاربهێنێت کە بەرهەمی هێناوە.
سێ جۆری سەرەکیی شەکرە هەن، ئەوانیش شەکرەی جۆری یەک، شەکرەی جۆری دوو و شەکرەی کاتی دووگیانین.
شەکرەی جۆری یەک جۆرێکە لە نەخۆشییە بەرگرییە خۆییەکان، کە تێیدا سیستەمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی پەنکریاس کە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنن و لەناویان دەبات. ئەم جۆرە زۆربەی کات لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاریدا دەردەکەوێت و تووشبووان پێویستیان بە وەرگرتنی ئەنسۆلینی رۆژانەیە.
شەکرەی جۆری دوو بریتییە لەوەی کە جەستە بەرگریی بەرامبەر ئەنسۆلین دەبێت یان بڕی پێویست بەرهەم ناهێنێت، زۆرتر بەهۆی تەمەن، کێشی زیادە و شێوازی ژیانەوە دروست دەبێت.
بەپێی داتاکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەکرە، دابەشبوونی ژمارەی تووشبووانی پێگەیشتوو (20 بۆ 79 ساڵ) بەسەر حەوت ناوچە جوگرافییەکەی جیهاندا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
رۆژئاوای زەریای هێمن: 215 ملیۆن کەس (نزیکەی 37٪ـی کۆی گشتیی تووشبووانی جیهان پێکدەهێنێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی چین پشکی شێری بەردەکەوێت).
باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا: 107 ملیۆن کەس (یەک لەسەر حەوتی کۆی تووشبووانی جیهانی تێدایە).
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا: 85 ملیۆن کەس.
ئەوروپا: 66 ملیۆن کەس.
ئەمریکای باکوور و کاریبی: 56 ملیۆن کەس.
ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست: 35 ملیۆن کەس.
ئەفریقا: 25 ملیۆن کەس.

.png&w=3840&q=75)

