رووداو - تەندروستی
لە هەولێر بۆ یەکەمینجار ئیڤێنتی دکتۆر تۆک (Dr Talk) بە بەشداریی چەندین پزیشکی پێشەنگ و سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەتان خوێندکار و دەرچووی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان، بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پڕۆژەکەیە.
لەم هەڤپەیڤینە نمە سەرهەنگ، پێشکێشکاری تەندروستی لەگەڵ دکتۆر هێمن زەمانە کە خۆی قسەکەرێکی ئیڤێنتەکەیە و د. هێمن زەمان دەڵێت: جوانی واتە لەکاتی سەیرکردنی ئاوێنە، ئاسوودەبیت بە سەیرکردنی شێوە و جەستەت.
د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: بۆیە بووم بە پزیشک، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکەم، چونکە تاکە رزگارکەری ژیانی مرۆڤ لە دوای خودای گەورە، پزیشکە.
ئەو گوتی، ''باوکم کاریگەریی لەسەر کارە خێرخوازییەکانم هەبوو و هەست و سۆزی باوکم وایکرد ئێمەش هەست و سۆزمان بەرامبەر بە دەوروبەر زۆر بێت''.
لەبارەی حەز و خولیاکانیشیەوە، باسی ئەوە دەکات کە خۆشنووسێکی باشە و حەزیشی لە دیزاینە.
سەتان گوێگر لە دکتۆر تۆک ئامادە دەبن و پزیشکانی قسەکەر چیرۆکی پشت کار و سەرکەوتنەکانیان باس دەکەن؛ دکتۆر رۆژین مەهدی، سەرپەرشتیاری (دکتۆر تۆک) بە رووداوی راگەیاند، 30 پزیشکی سەرکەوتوو و پێشەنگ قسەیان دەبێت و ئامانجی سەرەکیی ئیڤێنتەکە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی کەرتی تەندروستی، پزیشکانی راوێژکار و نەوەی نوێیە لەسەر یەک سەکۆ بۆ ئاڵوگۆڕی راستەقینەی ئەزموونەکان و بونیادنانی تۆڕێکی پیشەیی بەهێز، نەک تەنیا پێشکەشکردنی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی.
لە رۆژانی پێنجشەممە 12-11-2026 و هەینی 13-11-2026 ئیڤێنتی Dr Talk ئەنجامدەدرێت و شوێنەکەش لە هۆتێل دیڤان دەبێت، بە درێژایی ئەو دوو رۆژە هەر پزیشکێک بە 15 خولەک سەرکەوتن و نموونە باڵاکانی باس دەکات تاوەکو گەنجانی کورد لێیان سوودمەند ببن و ئەوانیش ببن بە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆیان.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی ئەم ئیڤێنتەیە و لە پەخش، سۆشیاڵ میدیا و وێبسایت کار و چالاکییەکان دەگوازرێتەوە، پاشانیش دکتۆر نمە سەرهەنگ، پێشکێشکاری بووڵتەنی تەندروستی لەوێ دەبێت و راستەوخۆ کارەکانی دکتۆر تۆک دەگوازێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
