رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەری ئێسک و شکان کاریگەری دەرمانی قەڵەوبوون و گۆڕینی جوومگەی حەوز خستەڕوو.
د. هەڤاڵ سەردار، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان بە رووداوی راگەیاند، گۆڕینی جوومگەی حەوز لە نێو گەنجان زیادی کردووە، هۆکارە سەرەکییەکەشی بەکارهێنانی دەرمانی قەڵەوبوونە کە ئێستا نەک بە تەنیا لەنێو خانمان، بەڵکو لە نێو پیاوانیشدا زیادی کردووە.
هەروەها د. هەڤاڵ سەردار، دەڵێت "ئەو دەرمانەی کە بەگشتی بەکاردێت ستیرۆیدەکانە، خۆیان بۆ چارەسەری هەندێک لە نەخۆشییەکان بەکاردێت، بەڵام گەنجان زیانە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانانە بەکار دەهێنن بۆ قەڵەوبوون کە سەرئەنجام یەکێک لە زیانەکانی مردنی تۆپی ئێسکی حەوز دەبێت".
ئەم پسپۆڕە ئاماژە دەدات، مردنی تۆپی ئێسک دەبێتە هۆکارێک کە خوێن بۆ ئێسکی حەوز نەڕوات و ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی ئەو ئێسکانە.


