رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی هەولێر فێرکاری رایگەیاند، ئامێرێکی تیشک لە بەشی بووژانەوەی دڵ لە نەخۆشخانەکەیان دانراوە و مانگی 3ی ساڵی داهاتووش، دوو ئامێری MRI و سیتی سکان بۆ نەخۆشخانەکەیان دابین دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەمە 04-11-2026 قاسم سەعید، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی هەولێر فێرکاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانانی ئامێری تیشک لە بەشی بووژانەوەی دڵ گەورەترین و باشترین ئاسانکاری بۆ نەخۆش دەکات. پێشتر دەبوو نەخۆشمان بە ئەمبوڵانس بگواستبایەوە بۆ بەشی تیشک کە هەر لەنێو نەخۆشخانەکەیە، بەتایبەت گرفتمان لەگەڵ ئەو نەخۆشانە هەبوو کە قەڵەو بوون و نەخۆشییەکەیان قورس بوو، بەڵام ئێستا دەتوانین لەنێو بەشەکەدا پشکنینیان بۆ بکەین و ئەمەش کارئاسانییەکی زۆری بۆ کردووین.
هەروەها، قاسم سەعید، دەڵێت "مانگی 3ی ساڵی داهاتوو دوو ئامێری MRI و سیتی سکان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر دابین دەکرێت بۆ ئەوەی نەخۆش بەبێ نۆرەگرتن و بە نرخێکی کەم پشکنین ئەنجام بدەن".
سەبارەت بە دروستکردنی سەنتەرێکی دڵ لەنێو نەخۆشخانەکەیان، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی هەولێر فێرکاری دەریخستووە، لیژنە پێکهێنراوە بۆ دروستکردنی بەشی سەنتەری دڵ لەنێو نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر.



