رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێک لە کالیفۆرنیا پەیوەندی نێوان کانزای زینک و رێکخستنی پەستانی خوێن ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدات لە زیانەکانی بەکارهێنانی هەڕەمەکیی حەبی زینک.
دکتۆر مۆرگان پیرسۆن، پسپۆڕێکی خۆراک بە هاوکاری لەگەڵ پزیشکێکی دەرمانساز رایگەیاند، کانزای زینک لەڕێگەی یارمەتیدان لە فراوانبوونی خوێنبەرەکانەوە، رۆڵێکی گرنگی لە رێکخستنی پەستانی خوێندا هەیە.
بەپێی توێژینەوەیەکی مۆرگان، پێدانی بڕی 15 بۆ 30 مللیگرام زینک لە رۆژێکدا، یارمەتیدەر بووە لە دابەزاندنی پەستانی خوێن لەو کەسانەدا کە کەمیی زینک یان نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و قەڵەوییان هەبووە. بەڵام، ئەم کاریگەرییە لە کەسانی تەندروستدا کە بڕی زینک لە جەستەیاندا ئاسایی بووە، بەدینەکراوە.
پسپۆڕەکە رێنوێنی دەدات، نابێت دەنکۆڵەی (حەبی) زینک وەک جێگرەوەی دەرمانی پەستانی خوێن بەکاربهێنرێت. وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە زینک دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی گەدە. باشترین سەرچاوە بۆ بەدەستهێنانی زینک، خۆراکی هاوسەنگە کە بڕی پێویستی رۆژانە بۆ پیاوان 11 مللیگرام و بۆ خانمان 8 مللیگرامە. جەخت دەکرێتەوە کە پێش وەرگرتنی هەر تەواوکەرێکی خۆراکی، راوێژ بە پزیشک بکرێت.



