رووداو - تەندروستی
د. کانی مەحموود، پسپۆڕ لە چارەسەر و جوانکاریی ددان، بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرنەکەوتنی چاندنی ددان، هەوکردنی پووکە کە زۆرجار بەهۆی بەکتریاوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی داخورانی ئێسکی دەوری چاندنەکە.
زانایانی ئەمریکی لە زانکۆی رەتگەرس، لە توێژینەوەیەکی نوێدا بۆیان دەرکەوتووە، بەکتریا دەتوانێت ببێتە هۆی داخورانی مادەی تیتانیۆمی چاندراو و گەردیلەی بچووکی کانزایی بڵاوبکاتەوە کە سیستمی بەرگریی جەستە هاندەدەن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری PNAS Nexus بڵاوکراوەتەوە، ئەم گەردیلە کانزاییانە دەبنە هۆی هەوکردن و زیان بە ئێسکی شەویلگە دەگەیێنن، نزیکەی 10% بۆ 20%ی ئەو کەسانەی ددان دەچێنن، تووشی ئەم جۆرە هەوکردنە دەبن.
د. کانی مەحموود، لەرێگەی ئەنجامدانی راپرسییەک بۆ چەند چارەخوازێکی کە چاندنی ددانیان ئەنجامداوە هۆکارەکانی دیکەی سەرنەکەوتنی چاندنی ددان بۆ رووداو دەخاتەڕوو:
- هەبوونی هێزێکی زۆر لەسەر چاندنی ددانەکە.
- هەڵە لە دیزاینی ددانەکان.
چۆن پارێزگاری لە چاندنی ددانەکانت دەکەیت؟
- رۆژانە شوشتنی ددانەکان بۆ نەهێشتنی کۆبوونەوەی بەکتریا.
- بەکارهێنانی فڵچەی تایبەتی نێوان ددانەکان.
- دیزاین و دانانی ددانەکان بە شێوەیەکی دروست.
- پێویستە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ ددانی چێندراو بکرێت.



