رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی گرانادا دەریخستووە، پەیڕەوکردنی هاوکاتی رۆژووی پچڕ پچڕ و وەرزشکردن، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دابەزاندنی کێش و چەوریی لەشدا هەیە، بە شێوەیەک کە لە کاریگەریی وەرزشکردن بە تەنیا زیاترە.
توێژینەوەکە کە لەلایەن زانکۆی گراناداوە ئەنجامدراوە، تیشکی خستووەتە سەر سوودەکانی پێکەوەبەستنی ئەم دوو رێگەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر و خێراتر لە پرۆسەی دابەزاندنی کێشدا.
توێژەرانی زانکۆی گرانادا بەشداربووانیان بەسەر چوار گرووپدا دابەشکرد:
- گرووپی یەکەم: تەنیا رێنوێنیی خۆراک و وەرزشیان پێدرا
- گرووپی دووەم: رۆژووی پچڕ پچڕیان پەیڕەو کرد (خواردن تەنیا لە ماوەی 8 کاژێردا).
- گرووپی سێیەم: تەنیا وەرزشیان کرد (راهێنانی هێز و هەوایی).
- گرووپی چوارەم: رۆژووی پچڕ پچڕ و وەرزشکردنیان پێکەوە پەیڕەو کرد.
ئەنجامەکان دەریانخست، ئەو کەسانەی کە رۆژووی پچڕ پچڕ و وەرزشیان پێکەوە کردبوو، کێشیان زیاتر دابەزیبوو و بەرێژەیەکی بەرچاو چەوریی لەشیان کەمیکردبوو، بە بەراورد بەوانەی تەنیا وەرزشیان دەکرد.



