رووداو - تەندروستی
د. زانا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی بەشی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەشداریی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جەڵتەی مێشک لە کۆریای باشوور کرد و نەخۆشخانەکە وەکو یەکێک لە باشترین نەخۆشخانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ چارەسەریی جەڵتەی مێشک هەڵبژێردرا.
لەم ساڵدا بە فەرمی سەنتەری جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بووە بە سەنتەرێکی سەرەکیی تایبەتمەند Essential Stroke Center کە ئەمە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم بڕوانامەیە ببەخشرێت.
د. زانا عەبدولڕەحمان دەڵێت ''ئەوەی لە سەنتەرەکەمان زۆر بایەخی پێ دەدرێت و بووە جێی گرنگیی ئەو رێکخراوە جیهانییە، چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەو نەخۆشانەیە کە جەڵتەی مێشکیان تووشبووە بەهۆی خوێنمەیینەوە کە رێکاری کتوپڕیان بۆ دەکرێت لەکاتێکدا ئەمە لە جیهاندا پڕۆسەیەکی وردە و هەوڵی جیهانی بۆ رزگارکردنی نەخۆش لەم جەڵتەیە راگەیێندراوە''.
بڕوانامەکە چییە؟
ئەمە سێ ساڵ جارێک تیمێکی رێکخراوی جیهانیی جەڵتەی مێشک سەردانی سەنتەرەکانی جەڵتەی مێشک دەکەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن، دوای هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانیان، بڕوانامەی دڵنیایی دەبەخشنە سەنتەرەکان.
''یەکەم سەنتەرە لە عێراق ئەم بڕوانامەیە وەربگرێت''
رێکخراوی جیهانیی جەڵتەی مێشک لەبارەی سەنتەرەکەوە رایدەگەیێنێت، ئەوە یەکەم نەخۆشخانەیە کە لە عێراقدا بڕوانامەی رێکخراوەکەیان بەدەستبهێنێت. ئەمەش وایکردووە ببێتە وەرچەرخانێکی تایبەت و گرنگ بۆ نەخۆشخانەکە و بۆ پەرەپێدانی چاودێریی رێکخراوی جەڵتەی مێشک لە عێراقدا.
ئەم بڕوانامەیە دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە چاودێریی کارەکانی سەنتەرەکەی کردووە و لەو بارەیەوە روونی کردووەتەوە، پابەندبوون، شارەزایی و دڵسۆزیی تیمەکە بۆ دابینکردنی چاودێریی کواڵیتیی بەرزی جەڵتەی مێشک هۆکاری سەرەکیی بەخشینی بڕوانامەکە بووە.
پاشانیش رێکخراوەکە سەنتەرەکەی سلێمانی کردووە بە ئەندامی رێکخراوەکە، ئەمەش دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە نوێترین توێژینەوەکانی جەڵتەی مێشک، سەرچاوە پەروەردەییەکان و وێبینارەکان دابین دەکات، وادەکات تیمەکان لە پەیوەندیدا بمێننەوە لەگەڵ تۆڕێکی جیهانیی پسپۆڕانی جەڵتەی مێشک.



