رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی لە هەنگاریا دەریدەخات، ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی ترسێکی نائاسایی (فۆبیا) لە ئاژەڵ، جیاوازن لەوانەی دەبنە هۆی ترس لە بەرزایی یان شوێنی داخراو، ئەمەش رێگەی نوێ بۆ چارەسەرکردن دەکاتەوە.
زانکۆی پێچ لە هەنگاریا ئاماری زیاتر لە 1000 کەسی وەرگرتووە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە نابێت هەموو فۆبیاکان وەک یەک سەیر بکرێن و چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە، ئەو رێگە دەروونییانەی کەسێک بەکاریدەهێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترس لە دەرزی لێدان، جیاوازە لەوەی بۆ ترس لە برووسکە بەکاریدەهێنێت.
د. ئەندراس زیدۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پێچ لە هەنگاریا رایگەیاند، "هەرچەندە هەندێک هۆکاری گشتی هەن کە مەترسیی تووشبوون بە هەموو جۆرەکانی فۆبیا زیاد دەکەن، وەک تەمەنی گەنجی، رەگەزی مێ و بیرکردنەوەی نەرێنیی بەردەوام، بەڵام گرنگترین دۆزینەوەی ئێمە ئەوەیە کە هەر جۆرێکی فۆبیا، کۆمەڵێک هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە."
د. ئەندراس زیدۆ گوتی "بەپێی ئەنجامەکان، زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووانی جیهان (27%) لە ماوەی ژیانیاندا لە مەترسیی تووشبوون بە جۆرێک لە جۆرەکانی فۆبیادان".



