رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئەلبێرتا دەریخستووە، دەرمانە ئازارشکێنە بەهێزەکان (ئۆپیۆیدەکان) تەنیا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری تووند بۆ ماوەی کەمتر لە چوار هەفتە گونجاون و ئەگەر بۆ ئازاری درێژخایەن بەکاربهێندرێن، رەنگە زیانیان لە سوودیان زیاتر بێت.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری پزیشکیی گشتیی بەریتانی (British Journal of General Practice) بڵاو کراوەتەوە، پێداچوونەوەی بۆ 27 تاقیکردنەوەی پزیشکی کردووە، تێیدا کاریگەریی ئۆپیۆیدەکانی وەک ئۆکسیکۆدۆن و مۆرفین، لەگەڵ چارەسەری دیکە بۆ هەوکردنی جومگەکان و ئازاری درێژخایەنی پشت بەراورد کراوە.
دەرکەوتووە، هەرچەندە ئۆپیۆیدەکان لە چوار هەفتەی یەکەمی ئازاری توونددا کاریگەرن، بەڵام لەدوای 12 هەفتە، نەک هەر سوودیان نامێنێت، بەڵکو رەنگە ئازارەکەش خراپتر بکەن، چونکە لەوانەیە هەستیاریی نەخۆشەکە بۆ ئازار زیاد بکەن.
توێژەران لە زانکۆی ئەلبێرتا دەڵێن، "ئازارشکێنە بەهێزەکان هێشتا رۆڵیان لە چارەسەری ئازاری تووند دا هەیە، وەک شکانی ئێسک یان نەشتەرگەری. بەڵام ئەگەر نەخۆشێک ئازارێکی درێژخایەنی هەبێت، دەبێت دووبارە بیر لە بەکارهێنانی ئۆپیۆید بکرێتەوە".



