رووداو - تەندروستی
نەخۆشێک بە ناوی (نیعمەت عەزاوی)ـی تەمەن 74 ساڵ، بەهۆی شکانی ئێسکی ران، سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر دەکات، لەکاتی نەشتەرگەرییەکە گیان لە دەستدەدات و ئەمەش دەنگدانەوە دروستدەکات.
ئەو نەخۆشە لە شەوی شەممە 10-10-2026 لەکاتی نەشتەرگەریی چاککردنەوەی ئێسکی رانی گیانی لەدەستدا؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2026 سوبحی فازڵ، هاوژینی نیعمەت بە رووداوی راگەیاند، هاوژینەکەی نەخۆشیی شەکرەی هەبوو و پێشتریش قەسترە و باڵۆنی بۆ کرابوو هەروەها ئەوەشی گوت کە لەسەر ویستی خۆیان نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکەیان بۆ کردووە.
ئەوەش باس دەکات کە ''لەلایەن پزیشکی نەخۆشخانەکە ئاگادار کرایینەوە کە نەخۆشەکە بەهۆی ئەم نەخۆشییانەی کە هەیەتیی مەترسیی گیانلەدەستدانی هەیە''، هەر بۆیە کاتێک بردوویانە بۆ پزیشکی دادی هەولێر، ماڵباتەکەی نەیانهێشتووە توێکاری بۆ بکەن.
د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کاتێک لیژنە پێکهات لێکۆڵینەوە دەکەین، بەڵام تائێستا هیچ لیژنەیەک لەسەر ئەو حاڵەتە پێکنەهاتووە.
د. رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە رووداو راگەیاند، ماڵباتی کۆچکردوو سکاڵایان تۆمار نەکردووە و لەسەر ویستی خۆیان لە پزیشکی دادی هەولێر هیچ توێکاریان نەکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لەلایەن ماڵباتی نەخۆشەکەوە پەستانی زۆر خراوەتە سەر پزیشكی پسپۆڕ بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە بکات، لەکاتێکدا رازی نەبووە و بە نەشتەرگەرییەکی مەترسیداری داناوە بۆ دۆخی نەخۆشەکە.
.png&w=3840&q=75)


