رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی تووشبووان بە بەرزیی پەستانی خوێن بێئاگەن لەوەی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە جەستەیان داگیرکردووە و هیچ چارەسەرێک وەرناگرن.
دکتۆر وەنیو لیو، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لەسەر ئاماری پەستانی خوێن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریخستووە، توێژینەوەکەیان پشتی بە پشکنینی پەستانی خوێنی نزیکەی 1.4 ملیۆن کەس لە ئینگلتەرا بەستووە.
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، نزیکەی 59٪ی تووشبووانی بەرزە پەستانی خوێن ئاگاداری دۆخی تەندروستیی خۆیان نەبوون و هیچ دەرمانێکیان بەکارنەدەهێنا. رێژەی تووشبوون لە پیاواندا 42٪ و لە خانماندا 29٪ بووە. هەروەها دەرکەوتووە کە رێژەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا زیاد دەکات، لە 15٪ بۆ تەمەنی 18 بۆ 39 ساڵ دەست پێدەکات و لە تەمەنی سەروو 80 ساڵ دەگاتە 71٪. جگە لەوەش، نیوەی ئەو کەسانەی دەرمانیان بەکاردەهێنا، هێشتا پەستانی خوێنیان لە ئاستێکی سەلامەتدا نەبوو.
بەپێی WHO، ئەمانەی خوارەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن جێبەجێبکرێن؛
- کەمکردنەوەی خوێ
- نەخواردنی خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە، ڤەیپ و کحول
- زۆرخواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و چالاکیی جەستەیی
- کێشڕێکی
پسپۆڕانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رێنوێنی دەدەن: هاووڵاتییان پێویستە بەردەوام پەستانی خوێنیان بپشکنن، چونکە پشت بەستن بە نیشانەکان بە تەنیا کارێکی هەڵەیە.



