رووداو - تەندروستی
فاکەڵتی کشتوکاڵی زانکۆی کایوشو لە ژاپۆن دەریخستووە، بەکارهێنانی رۆنی داری ژاپۆنی (Hinoki) لە ژووری خەودا کواڵیتیی خەو باشتر دەکات. بۆنکردنی ئەم رۆنە پێش خەوتن یارمەتی خەوێکی قووڵتر دەدات و وشیاریی بەیانیان زیاد دەکات.
پرۆفیسۆر کونیۆشی شیمیزو، پسپۆڕی لە بواری زانستی دار و بەرهەمە سروشتییەکان لە زانکۆی کایوشو دەریدەخات، توێژینەوەیەکی لەسەر کۆمەڵە خانمێکی ژاپۆنی ئەنجامدا تەمەنیان لە نێوان 35 بۆ 60 ساڵدا بوو. بەشداربووان بۆ ماوەی دوو هەفتە، شەوانە 3 دڵۆپ لە رۆنی ریشەی داری ژاپۆنی هینۆکی دەکردە ناو پەرداخێک و بۆ ماوەی چەند چرکەیەک بۆنیان دەکرد. هەروەها بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە مادەیەکی بێ بۆنیان بۆ بەراوردکردن بەکارهێنا.
بە پێی توێژینەوەکە کە پرۆفیسۆر کونیۆشی بۆی دەرکەوت، ریشەی داری هینۆکی پێشتر وەک پاشماوە فڕێ دەدرا، بەڵام سوودی تەندروستیی هەیە وەکو؛
- یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کواڵیتیی خەو.
- بەکارهێنانی بەردەوامی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەستانەوە لە شەودا، زیادکردنی شەپۆلەکانی مێشک کە خەوی قووڵ زیاتر دەکەن.
- هەستکردن بە وزەی زیاتر لە کاتی بەخەبەرهاتندا.



