رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، جگەرەکێشانی درێژخایەن کار لە خانە بنەڕەتیی سییەکان دەکات ئامادەتربن بۆ ئەوەی بگۆڕێن بۆ خانەی شێرپەنجەیی، بەتایبەت کاتێک گۆڕانی جینی دیاریکراویان تێدا روودەدات.
توێژینەوەکە، لەلایەن زانکۆی جۆنز هۆپکینز کراوە و دەریخستووە، شێرپەنجەی سییەکان تەنیا پەیوەست نییە بە گۆڕانە جینییەکان، بەڵکو پەیوەستە بەو خانەیەشەوە کە گۆڕانەکەی تێدا روودەدات و پێشتر بەر دووکەڵی جگەرە کەوتووە.
توێژەران، نموونەی بچووککراوەی سییەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ خستە بەر دووکەڵی جگەرە و دواتر چاودێریی گۆڕانکارییەکانیان کرد، بۆیان دەرکەوت بەرکەوتنی درێژخایەن بە دووکەڵ، گۆڕانکاریی لە چالاکیی جینەکاندا دروستکردووە و هەندێک لە بەرگریی سرووشتیی خانەکانی گۆڕیوە، توێژەران کاریگەریی دوو گۆڕانی جیناتیی پەیوەست بە شێرپەنجەی سییەکانیان تاقیکردەوە. ئەنجامەکان دەریانخست، گرێی شێرپەنجەیی تەنیا کاتێک دروستبوون کە بەرکەوتنی پێشووتری دووکەڵی جگەرە لەگەڵ گۆڕانکارییە جیناتییەکاندا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، گۆڕانە جیناتییە جیاوازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی جۆری جیاوازی شێرپەنجەی سییەکان. بۆ نموونە، گۆڕانی جینی "KRAS" بووەتە هۆی جۆرێکی شێرپەنجە کە لە خانە بنەڕەتییەکانی بۆریچکەی هەواوە سەرچاوەی گرتبوو، لە کاتێکدا گۆڕانی جینی "TP53" بووەتە هۆی جۆرێکی دیکەی شێرپەنجە کە پەیوەست بوو بە خانە بنچینەییەکانی ناوپۆشی بۆرییەکانی هەواوە.


.jpg.jpeg&w=3840&q=75)
