رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی بریگهام یۆنگ لە ئەمریکا دەریدەخات، وەرزشکردنی هاوژیەنکان پێکەوە، تەنانەت بە پیاسەیەکی سادەش، رەنگە یارمەتییان بدات باشتر قسە بکەن، بە شێوەیەکی ئارامتر کێشەکانیان چارەسەر بکەن و هاوسەرگیرییەکەیان بەهێز بکەن.
پڕۆفیسۆر د. جێرمی یۆرگاسۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو هاوژینانەی پێکەوە وەرزش دەکەن، گوشاری هاوسەرگیریی کەمتریان هەیە بە بەراورد بەو هاوسەرانەی بە تەنیا وەرزش دەکەن.
یۆرگاسۆن دەڵێت، "وەرزشی هاوبەش، بە شێوەیەکی بچووک بەڵام بەرچاو، توانای چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ململانێکان ئاسان دەکات''.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، وەرزشی تاکەکەسی و هاوبەش هەردووکیان پەیوەندییان بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی تەندروستترەوە هەیە، بەڵام وەرزشکردنی هاوژینەکان پێکەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پەیوەندیی بەهێزتری بە دەرەنجامە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکەوە نیشانداوە.
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر تەندروستی
1- ئازار لابەرە
توێژەرانی زانکۆی کۆلۆرادۆ، بولدەر و زانکۆی هەیفا لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوتووە، کاتێك دوو کەسی خۆشەویست یان پیاوێك دەست لە هاوژینە خۆشەویستەکەی دەدات، لێدانی دڵ و هەناسەیان هاویەک دەبن و ئازاری خانمەکە کەم دەکاتەوە. هاوکات دەرکەوتووە؛ ئەوانەی کە پێکەوە دەژین، هەوڵدەدەن وەک یەک رەفتار بکەن.
پاڤێڵ گۆڵستین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، چەندە پەیوەندی هاوژینی نێوان دوو کەسەکە زیاتر بێت، هێندەش کاریگەریی ئازارشکێنی دووکەسەکە زیاتر دەبێت.
2- یارمەتیی بەدەستهێنانی ئامانجە تەندروستەکان دەدات
پەیمانگەی نەتەوەییە لەبارەی بەساڵاچوون، سەنتەری توێژینەی بەریتانی بۆ شێرپەنجە، دەستەی پزیشكانی دڵی بەریتانی و کۆلێژی زانکۆیی لەندەن لە بەریتانیا رایدەگەیێنن، ئەگەر ویستت گۆڕانکارییەک لە خراپەوە بۆ باش دروستبکەیت، ئەوا با هاوژینەکەشت ئەنجامی بدات، چونکە دوو کەس سەرکەوتووترن لە یەک کەس.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە، 50٪ـی خانمان سەرکەوتووبوون لە وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەوکاتەی هاوژینەکەیان لەگەڵیان بەشداربووە. لە کاتێکدا تەنیا 17٪ـی ئەوانە سەرکەوتووبوون کە بەتەنیا هەوڵیانداوە.
3- یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات
زانکۆی جۆنهۆپکینز لە ئەنجامی توێژینەوەیەکیدا رایگەریاندووە، هەوڵدان بۆ دابەزاندنی کێش لەگەڵ هاوسەرەکەتدا سەرکەوتووترە. د. لاورا کۆب، هاونووسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی جۆن هۆپکینز دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی کە وەرزشی رێک ئەنجامنادەن، کاتێك هاوژینەکەیان وەرزش دەکات لەگەڵی بەشداردەبن و هەوڵی تەندروست بوونیان دەدەن.
4- جەستە و دەروون دەپارێزێت
پزیشكانی زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا دەڵێن، لەکاتی لەکاتی توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە پەیوەندییە درێژخایەنەکان لەگەڵ هاوژینەکەت بۆ دەرووندروستی و تەندروستی گرنگە. بەجۆرێك دەڵێن ئەوانەی هاوسەرگیریان کردووە زۆرتر دەژین و دەروونییان ئاسوودەترە.
5- مەترسیی نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە
پزیشكانی زانکۆی ویلایەتی میشیگان دەڵێن، ئەوانەی هاوسەرگییریەکی دڵخۆشکەریان هەیە، هێواشتر تووسی شەکرە دەبن و لەکاتی تووسبوون ئاسانتر چارەسەر دەکرێن. هاوکات کەمتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن و زۆرتر دەجووڵێن.



