رووداو - تەندروستی
خانمە پسپۆڕێکی کورد لە ئیتاڵیا کە یەکێکە لەو توێژەرانەی کار لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێشکی رۆبۆتی ''مێشکی دیجیتاڵی'' دەکات بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشییەکان، وەکو توێژەرێکی کاریگەر ئەم ساڵ پێشەنگی ریزبەندییەکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-10-2026 د. پاوان سیروان دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال میوان بوو و گوتی: ئەوە پلەبەندییەک جیهانیی بەرزە و لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی جیهان پلەی 28ـم بەدەستهێنا.
د. پاوان لە ریزبەندی نێودەوڵەتیی (top 1000 scholar)دا پلەی 28ـەمینی لە بواری (کەناڵ و وەرگرەکانی ئایۆنەکان لەنێو پەردەی خانە) ''Ion Channels and Receptors'' لە جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو پسپۆڕە روونی کردەوە، لە داهاتوودا پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ پزیشکان، تاوەکو بتوانن بە ئاسانی کاریگەرترین دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان بەکاربهێنن و بە کاتێکی کەم دەرمانی گونجاو بە نەخۆشەکانیان بدەن.
لەم هەڵسەنگاندنە نوێیە جیهانییەدا، د. پاوان پێشەنگی توێژەرانی بوارەکەی گرتووە و Impact Score ـی 94.34 ـی بەدەستهێناوە کە ئەمەش پشت بە (کاریگەریی توێژینەوەکان، بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ و چارەسەری زیاتر، بەردەوامیی کاری زانستی و رۆڵی توێژەر لە بەرەوپێشچوونی زانست) لەماوەی ساڵەکانی نێوان 2021-2025 سەرچاوە دەگرێت.
ئەو خانمە پسپۆڕە لە بوارەکانی فیسیۆلۆژیی جەستە، فیسیۆلۆژیی دەماری و توێژینەوە لەسەر نوێبوونەوەی خانەکانی مێشک و چۆنیەتیی میکانیزمی خانەکان، چەندین توێژینەوەی لە گۆڤاری ئاست بەرز (Impact Factor) بڵاو کردووەتەوە.
لەبارەی مێشکی رۆبۆتی و داهێنانەکەی د. پاوان دزەیی، زیاتر بخوێنەرەوە لەم لینکە.

