رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری زانستیی JAMA بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری جیاوازیی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەنێوان خانمان و پیاوان روون دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، شێوازی ژیان و هۆکارە تەندروستییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە پیاواندا بەرزترە وەک لە خانمان، ئەمەش تەنیا بەهۆی جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی وەک بۆماوەیی، هۆرمۆن و بەرگریی جەستەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە هۆکارەکانی وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، سیستمی خۆراکی و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیشەوە هەیە.
توێژەران، بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان پشتیان بە داتای دوو توێژینەوەی گەورە لە چین و بەریتانیا بەستووە، کە زیاتر لە 589 هەزار کەسیان تێدا بەشداربووە، لە توێژینەوەکەدا پشکنین بۆ 34 جۆری شێرپەنجە و 11 هۆکاری مەترسیی دەستکاریکراو کراوە.
ئەنجامەکان دەریانخست، کە هۆکارە مەترسیدارەکان 84.4٪ـی جیاوازیی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەیان لەنێوان پیاوان و خانمان لە چین روون کردووەتەوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە بەریتانیا تەنیا 26.2٪ بووە.
لە چین، جگەرەکێشان گەورەترین هۆکار بووە و 52%ـی جیاوازییەکەی پێکدەهێنا، دوای ئەویش خواردنەوەی کحول بە رێژەی 15.1٪ دێت، بەڵام لە بەریتانیا قەڵەوی هۆکاری سەرەکی بوو و نزیکەی 8%ـی جیاوازییەکەی روونکردووەتەوە، دوای ئەویش جگەرەکێشان بە 6.26٪ و شەکرەی جۆری دوو بە 3.51٪ دێن.
توێژەران، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ئەنجامانە یارمەتیدەر دەبن بۆ داڕشتنی پلانی خۆپارێزیی گونجاو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، هاوکات پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت بۆ تێگەیشتن لە هۆکارە بایۆلۆژی و ژینگەییەکانی دیکە.


