رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا دەریخستووە، لەگەڵ گۆڕینی کەشووهەوا و دەستپێکردنی وەرزە ساردەکان، نەخۆشییە هەناسەیییەکان دەبنە میوانێکی نەخوازراو لە زۆرینەی ماڵەکاندا.
بەپێی چاودێریی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا دەریخستووە، ڤایرۆسە هەناسەیییە باوەکان بە گشتی سێ جۆری سەرەکی لەخۆ دەگرن کە لەم وەرزەدا زۆرترین بڵاوبوونەوەیان هەیە:
- ئەنفلوەنزای وەرزی FLU: کە بە نیشانەی لەرز، تا، ئازاری جەستە و کۆکەی توند دەست پێدەکات
- ڤایرۆسی هەناسەیی RSV: کە زیاتر مەترسییە بۆ سەر منداڵانی ساوا و بەساڵداچووان و هەناسەتەنگی دروست دەکات
- کۆرۆنا (COVID-19): هێشتا وەک ڤایرۆسێکی بەردەوام لە گەڕاندایە و دەبێت چاودێریی نیشانەکانی بکرێت
بەگوێرەی ناوەندەکە، زۆرینەی ئەو ڤایرۆسانە نیشانەی هاوبەشیان هەیە، لەوانە: قورگئێشە، ئاوی لووت، کۆکە، تا، شەکەتی و ئازاری جەستە.
ناوەندەکە رێنوێنی دەداتە هاونیشتمانییان بە ئەنجامدانی:
- وەرگرتنی ڤاکسینی ساڵانەی ئەنفلوەنزا، بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵداچوو و خاوەن نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
- لە کاتی تووشبوون بە نیشانەکانی سەرمابوون یان تا، باشترە نەخۆش لە ماڵەوە بمێنێتەوە تاوەکو ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دەوروبەری نەگوازێتەوە.
- شوشتنی بەردەوامی دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسانی نەخۆش.
- ئەگەر نیشانەکان (وەک هەناسەتەنگیی توند یان تایی بەرز) ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشکی بکەیت.


