رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA، دەرزییەک بۆ چارەسەری درێژخایەنی هەوکردنی جگەری جۆری B پەسەند کرد.
دەرمانەکە بە ناوی زانستی بەپیرۆڤیرسێن (Bepirovirsen)، ناوی بازرگانی Hibsago، بۆ چارەسەری هەوکردنی جگەر پەرەی پێدراوە. وێندی کارتەر، لە دەزگەی FDA رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم دەرمانە پێشکەوتنێکی گرنگە و یارمەتیی تووشبووان دەدات کە دوای تەواوبوونی چارەسەریش کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن.
وێندی کارتەر دەریخستووە، بەپێی تاقیکردنەوەکان، نزیکەی 24٪ـی ئەو نەخۆشانەی چارەسەرەکەیان وەرگرت، توانییان بەتەواوی دەرمانە کۆنەکانیان بوەستێنن. هەروەها، لە 19٪ بۆ 26٪ـی نەخۆشەکان گەیشتنە قۆناخی چاکبوونەوە، بەجۆرێک کە دوای وەستاندنی هەموو دەرمانەکان، ڤایرۆسەکە لە خوێنیاندا نەما.
ئەم دەرمانە لەڕێگەی دەرزی ژێر پێستەوە لە ماوەی 24 هەفتەدا دەدرێت. هەروەها، پسپۆڕان وەک دەستپێکی نوێ لە چارەسەری نەخۆشییەکانی جگەر ناوی دەبەن.



