رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێیدا لە ژنێڤ ئاماژە دەدات، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن هێشتا کوشندەترین مەترسین لەسەر ژیانی مرۆڤ.
نەخۆشییە درێژخایەنەکان زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا پێکدەهێنن، لە کاتێکدا نەخۆشیی کۆرۆنا دوای چەند ساڵێک لە پەتایەکی جیهانی، بۆ یەکەمجار لە لیستەی 10 گەورەترین هۆکاری مردن دەردەچێت.
توێژینەوە و خەمڵاندنەکان لەسەر بنەمای کۆی گشتیی مردنەکان لە جیهاندا ئەنجامدراون؛ بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 61 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان لە جیهاندا لە ساڵی 2023، نزیکەی 33 ملیۆن مردن (دەکاتە 54٪ی کۆی گشتیی مردنەکانی جیهان) تەنیا بەهۆی ئەم 10 هۆکارە سەرەکییەوە روویانداوە.
وردەکاریی 10 هۆکارە سەرەکییەکەی مردن لە جیهاندا:
1- نەخۆشیی تەسکبوونی خوێنبەرەکانی دڵ، بە گەورەترین بکوژی جیهان دادەنرێت و لە ساڵی 2023 بەتەنیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9.5 ملیۆن کەس کە دەکاتە 16٪ـی کۆی گشتیی مردنەکان. ژمارەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ساڵی 2000ـەوە 3 ملیۆن کەس زیادی کردووە.
2- جەڵتەی مێشک، بە پلەی دووەم دێت لە هۆکارەکانی مردن لە جیهاندا و بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 6.8 ملیۆن کەس، کە دەکاتە 11%ی کۆی مردنەکان.
3- نەخۆشیی درێژخایەنی رێڕەوی هەوا (COPD) وەک سێیەمین هۆکاری سەرەکیی مردن پۆلێنکراوە کە بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 3.6 ملیۆن کەس کە دەکاتە 6%ی کۆی مردنەکان.
4- هەوکردنی بەشی خوارەوەی سییەکان: دیارترین نەخۆشیی گوازراوەیە کە لە پلەی چوارەمدا دێت و لە 2023دا 2.7 ملیۆن کەسی لەناوبردووە.
5- ئەڵزهایمەر و جۆرەکانی دیکەی لەبیرچوونەوە : بووەتە پێنجەمین هۆکاری مردن بە گیانلەدەستدانی 2.1 ملیۆن کەس. جێگەی باسە کە 66٪ی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە خانمانن.
6- شەکرە: لە پلەی شەشەمدایە و دوو ملیۆن کەسی کوشتووە، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2000 دوو هێندە زیادیکردووە.
7- شێرپەنجەی سییەکان: 1.8 ملیۆن کەسی کوشتووە و لە پلەی حەوتەمدایە.
8- نەخۆشییەکانی بەرزە پەستانی خوێنی: رووی لە هەڵکشاون و گەیشتووەتە پلەی هەشتەم.
9- نەخۆشییەکانی گورچیلە: یەکێکە لەو نەخۆشییانەی بە خێرایی زیادی کردووە و لە پلەی حەڤدەهەمەوە لە ساڵی 2000، بەرزبووەوە بۆ پلەی نۆیەم لە ساڵی 2023 (بە رێژەی 86٪ زیادیکردووە).
10- پەککەوتنی کۆئەندامی هەرس و هۆکارەکانی دیکە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، لە وڵاتە هەژارەکاندا، نەخۆشییە گوازراوەکان وەک هەوکردنی سییەکان، هۆکاری سەرەکیی مردنن. بەپێچەوانەوە، لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا، 9 لە 10 هۆکاری مردن نەخۆشییە ناگوازراوەکانن، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە، کە زۆربەیان بەهۆی بەساڵاچوونی دانیشتووانەوەیە.



