رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک دەریدەخات، نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە کەم دەکاتەوە، ئەمەش بەراورد بەو نەخۆشانەی تەنیا بە دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەر وەردەگرن.
لە کۆنفرانسی زانستیی کۆمەڵەی نەشتەرگەریی گشتیی ئەمریکا، توێژەران ئەنجامی توێژینەوەیەکیان لەسەر زیاتر لە 30000 تووشبووی هەوکردنی تووندی ریخۆڵەکوێرە خستەڕوو. نەخۆشەکان کرابوونە دوو گرووپەوە، گرووپێکیان کە نەشتەرگەرییان بۆ کرا، گرووپی دووەمیش تەنیا بە دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەر کران.
د. ڤالەنتین نڤۆنسام، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی نەشتەرگەریی کۆڵۆن و شێرپەنجە رایگەیاند، ریخۆڵەکوێرە ئەندامێکی بێسوود نییە، بەڵکو بەهۆی دەوڵەمەندیی بە شانەی لیمفایی، رۆڵێکی گرنگ لە سیستمی بەرگری و مایکرۆبایۆمی ناوچەکەدا دەگێڕێت.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی نەشتەرگەریی لابردنی ریخۆڵەکوێرەیان بۆ کرابوو، تەنیا 0.7٪یان دواتر تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە بوون. لە بەرامبەردا، لەنێو ئەو کەسانەی تەنیا بە دژەبەکتریا چارەسەر کرابوون، رێژەی تووشبوون بۆ 1.7٪ بەرزبووەوە. ئەمەش دەریدەخات، نەشتەرگەرییەکە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆنی بە رێژەی 58٪ کەم کردووەتەوە.



