رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی بەشێک لە پزیشکانی دەرمانسازی گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن؛ ئەوان زیاتر لە 10 ساڵە هیچیان دانەمەزراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-10-2026 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەشێک لە دەرمانسازان گردبوونەوە و یەکێکیان گوتی: هیچ داواکارییەکمان جێبەجێ نەکراوە و چاوەڕێی دامەزراندنین.
یەکێکی دیکە لەو پزیشکانە دەڵێت، نزیکەی 10 ساڵە زانکۆم تەواو کردووە و دانەمەزراوم، تەنیا داوای دامەزراندن دەکەین، چونکە بە نمرەیەکی بەرزەوە چووینەتە کۆلێژ و ئەوە مافی سەرەتایی ئێمەیە.
پزیشکانی دەرمانساز لە کۆنگرەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە: لە ساڵی 2015ـەوە دامەزراندن وەستاوە و نەخۆشانەکانیش پێویستیی جیدییان بە پزیشکانی دەرمانساز هەیە.
دکتۆر رەهێڵ فەرهاد، پزیشکی دانەمەزراوی دەرمانسازی دەڵێت: پزیشکانی دەرمانساز هەڵەی پزیشکی 56٪ کەم دەکاتەوە، تەنانەت هەر دۆلارێک کە دەدرێت بە دەرمانسازێک وەکو مووچە، بەرامبەر ئەوە هەر دەرمانسازێک دەتوانێت 14 دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.
ئەوەش باس دەکات کە دەرمانسازان رێگرن لە بەهەدەرچوونی دەرمان و خەرجکردنی بڕێکی زۆری پارە بۆ دەرمان.
هەر بۆیە ئەو پزیشکانە ئەم داواکارییانەیان راگەیاند؛
1- پلەی وەزیفی بۆ دەرچووانی دەرمانسازیی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 جێگیر بکرێت.
2- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی گرێبەست یاخود هەمیشەیی پزیشکانی دەرمانساز دابمەزرێنێت.
3- هەموو ئەو بۆشاییانەی لە میلاکی وەزارەتی تەندروستیدا هەیە، بە دەرمانساز پڕ بکرێنەوە.
4- لیژنەیەکی تایبەت بە پێداچوونەوە لەو نەخۆشخانانەی کەمیی دەمانسازیان هەیە.
5- سەندیکای دەرمانساز و وەزارەتی تەندروستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومی دەرمانسازانی دانەمەزراو ئەرک و ناونیشانی پسپۆڕیی دەرمانساز جیا بکاتەوە لە کەرتی تایبەتدا و ناونیشانی تازە بهێننە کایەوە بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.
6- وەرگرتنی بێپلانی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتییەکاندا بوەستێت، پێویستە وەرگرتن لەسەر بناخەی پێویستیی بازاڕ بێت.


