رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو کەمپینی ''شەرم مەکە''ـی راگەیاند کە تیایدا هەزاران پشکنینی مەمک بە خۆڕایی بۆ خانمان دابینکراون و رێگەیەکی کاریگەریشە بۆ زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لەبارەی شێرپەنجەی مەمک. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر سوپاسی رووداوی کرد و گوتی: ئامانجمانە زۆرترین خانم هۆشیار ببنەوە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک و پشکنینی پێشوەختە بکەن.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ چی روویدا؟
ئەمڕۆ هەینی 2-10-2026 کاژێر 16:00 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوەوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، لەنێویدا هاونیشتمانییان، خانمانی قەزای شەقڵاوە بەشدارن و لەلایەن پەرستار و پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و هۆشیار دەکرێنەوە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک. پاشانیش فۆڕمی ناوتۆمارکردن بۆ ئەوەی خانمان لە نەخۆشخانەکاندا پشکنینی مەمکیان بکەن، راگەیێنرا.
رێژەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک زۆرترینە و لە هەولێر 20٪ بووە
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بەشداریی راگەیاندنی هەڵمەتەکە بوو و گوتی: دەستخۆشی لە رووداو و دکتۆر ئاراس برادۆستی دەکەین کە بەیەکەوە بیرۆکەی دابینکردنی نۆڕینگەی گەڕۆکمان دانا بۆ ئەوەی لەنێو هەولێر و دەرەوەی هەولێریش لە خزمەت خانماندا بێت.
د. دلۆڤان محەممەد گوتیشی، ''زوو دەستنیشانکردن، واتە زووچارەسەرکردن ئەمەش بە پشکنینی پێشوەختەی مەمک دەکرێت و لە هەولێر دوو سەنتەری حکومی هەن بۆ ئەوە''. ئەوەشی باس کرد کە خانمان جگە لە نۆڕینگە گەڕۆکەکانی پشکنین، دەتوانن لە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە بنکەی نازدار بامەڕنی لە تەنیشت نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون و لەنێو نەخۆشخانەی رزگاری پشکنین بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاشکرای کرد، شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترینە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە مەترسیدارترینە، چونکە زیادکردنی هۆشیاریی تەندروستی و زیادکردنی پشکنین ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات، بەجۆرێک لە ساڵی رابردوو 20٪ـی کۆی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەولێر هی مەمک بوون.
بڕیارە سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنینی شێرپەنجە لە هەولێر دروستبکرێت و بە گوتەی د، دلۆڤان محەممەد ''کاری نەخشەسازییەکەی تەواو بووە و لە قۆناخی داهاتوو دەست بە دروستکردنی دەکرێت کە بۆ پشکنینی هەموو جۆرە شێرپەنجەکانە''.
فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی شەقڵاوە ئاگادار کراونەتەوە بۆ بەشداریی کەمپینی شەرم مەکە
رەزا زەخۆک، قایمقامی شەقڵاوە بە وەکالەت رایگەیاند، هەموو دامودەزگاکانی سنوورەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بەشداربن لە کەمپینەکە و بە بێ ئەوەی شەرم بکەن، پشکنینی مەمک بکەن.
رەزا زەخۆک روونی دەکاتەوە، چەند خەڵک هۆشیار ببنەوە لەبارەی نەخۆشییەکان، ئەوەندەش پارێزراوتر دەبن. تەنانەت پێشنیاز دەکات، لە شەقڵاوە وەکو شوێنێکی گەشتیاری نامیلکە و بڕۆشەری هۆشیاریی تەندروستی بەسەر خەڵکدا دابەشبکرێت و ئاگادار بکرێنەوە لەو شوێنانەی کە پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمکیان تێدا دەکرێت.
پێویستە بایەخ بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە شەقڵاوە بدرێت
د. ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی شەقڵاوە بە رووداوی راگەیاند، ئۆکتۆبەر کە دیاریکراوە بۆ هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک، هەلێکی باشە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس هۆشیار بکرێنەوە لەبارەی نەخۆشییەکە، ''چونکە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، چارەسەرییەکانیشی کاریگەرتر و باشتر دەبن''.
بەڕێوەبەری تەندروستیی شەقڵاوە بە گرنگی دەزانێت کە ئاستی هۆشیاریی تاک لەنێو شەقڵاوە بەرز ببێتەوە بەتایبەت خانمان. داواشی کرد کە پاڵپشتیی زیاتری کەرتی تەندروستی لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هەڵمەتی شەرم مەکە دەچێتە نێو قوتابخانەکانی کچان
د. راژان سەڵاح، سەرۆکی بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان لە کۆلێژی تەکنیکیی شەقڵاوە جەختی لە بایەخی هۆشیاریی تەندروستی کردەوە و گوتی: لەنێو قوتابخانەکانی کچان هۆشیاری لەبارەی خۆپارێزی و نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک بڵاو دەکەینەوە.
د. راژان سەڵاح داوا لە خانمان دەکات، ''پشکنینی پێشوەختەی مەمکیان بکەن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری بوونی هەر نەخۆشییەک زوو دەستنیشان بکرێن و چارەسەریشیان ئاسان بێت''.
بە پرتەقاڵ نیشانەیەکی شێرپەنجەی مەمک بناسەرەوە
د. هەرمێ نەقشبەندی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەنێو یەکێک لە نۆڕینگە گەڕۆکەکانی پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک دێتە دەرەوە و پرتەقاڵێکی بەدەستەوەیە، ئەو دەڵێت، دەتواندرێ نیشانەیەکی شێرپەنجەی مەمکی پێ بناسرێتەوە.
د. هەرمێ نەقشبەندی دەڵێت: یەکێک لە نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک؛ دروستبوونی شێوەیەکی هاوشێوەی پێستی پیرتەقاڵە؛ هەر کەسێک خودپشکنینی مەمکی کرد، دەبێت بزانێت مەمکی چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە و لەکاتی دەستلێدان دڵنیا ببێتەوە لە نەبوونی هەر گرێ و سووربوونەوەیەک.
ئەوەش باس دەکات، پێشوەختە دەستنیشانکردنی شێرپەنجە ئەگەری مردن و قورسبوونی شێرپەنجەکە کەمتر دەکاتەوە.
هەموو خانمێک پێویستە خودپشکنینی مەمک بکات
د. چنار سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە بەشداربوو لە راگەیاندنی هەڵمەتی شەرم مەکە لە شەقڵاوە گوتی: خودپشکنینی مەمک یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی زوو دەستنیشانکردنی هەر نەخۆشییەک لە کە مەمکدا هەبێت.
بۆ ئەمەش چۆنیەتیی خودپشکنینی مەمک باس دەکات؛ ''سەرەتا خانمەکە لەبەردەم ئاوێنەیەک بوەستێت و هەردوو مەمکی لەڕووی قەبارە، رەنگ و شێوەوە بەراورد بکات، دواتر بۆ پشکنینی مەمکی چەپ پێویستە پەنجەکانی دەستی راست بەکاربهێندرێت، بەهەمان شێوە بۆ مەمکی راستیش دەستی چەپ بەکاربێت، پاشانیش پەستان بخرێتە سەر گۆی مەمک تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر دەردراوێکی نائاسایی وەکو خوێن، سەوزاو یاخود زەرداو خانمەکە دڵنیاببێتەوە''، بەڵام پێویستە سێ بۆ پێنج رۆژ دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانە پشکنینەکە بکرێت.
ئەوەشی گوت کە ''لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەکی گوماناوی و ناڕێکییەک لە مەمکەکان پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکەنەوە''.
خانمانی سەروو 40 ساڵ پێویستە پشکنینی مەمۆگرام بکەن
د. سارا سروود، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر روونی کردەوە، خانمانی سەروو 40 ساڵ پێویستە پشکنینی مەمۆگرام بۆ مەمکیان بکەن، ئەمەش هیچ ترسێکی ناوێت و ئەگەریش ئازاری هەبێت زۆر کەمە و کاتێکی زۆر کەمیشی پێدەچێت.
د. سارا سروود هۆشداری دەداتە خانمان کە ئەگەر بە چەند خولەکێک پشکنینی مەمۆگرام بکەن، دەتوانن زۆر بە ئاسانی لە ئەگەر بوونی هەر نەخۆشییەک، کۆنتڕۆڵی بکەن و زوو دەستنیشانی بکەن.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەدروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت.
شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی خانمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام زانینی راستییەکی گرنگ دەتوانێت هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرییەکەی دەتوانێت بگاتە سەروو 95٪. هەر بۆیە، پشکنینی پێشوەختە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێشگیریکردن لەو شێرپەنجە کوشندەیە.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
رۆژی هەینی 2-10-2026 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).


