رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی دانیشتووی پیرانشار، بەخشرانە سێ نەخۆش، کە پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاونیشتمانیەک لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "هێرش بایەزیدی، تەمەن 18 ساڵ، دوای ئەوەی بە رووداوی هاتووچۆ لە رێگەیەکی پیرانشار مێشکی لەکارکەوت، بە رەزامەندیی پێشوەختە و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی."
هێرش، رۆژی 18-09-2026 تووشی ئەو رووداوە ببوو کە بووە هۆی مردنی مێشکی.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، هەردوو گورچیلە و جگەری هێرش بایەزیدی، دراوەتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون.
لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە، ئەوە یازدەیەمین کەسە لە پارێزگای ورمێ و سێیەمین کەسە لە پیرانشار ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت و تاوەکو ئێستا 24 کەس کە پێویستیان بە چاندنی ئەندامی جەستە بووە سوودیان لێ وەرگرتووە.
پار، 19 کەس لە پارێزگای ورمێ دوای مردنی مێشکیان، ئەندامانی جەستەیان بەخشراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی مێشکیان لەکار دەکەوێت، دەکرێ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.




