رووداو – تەندروستی
لە شاری کۆیە، مامۆستایەکی بیرکاری توانیویەتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە 20 ئامرازی جیاواز لە بواری ژیریی دەستکرددا بۆ خزمەتی گشتی بەتایبەت بۆ کاسانی نابینا دروست بکات
.
یەکێک لە داهێنانە هەرە سەرنجڕاکێش و مرۆییەکانی، پەرەپێدانی سیستمێکی پێشکەوتووە کە وەک "چاوێکی دیجیتاڵی" کار بۆ کەسانی نابینا دەکات. ئەم سیستمە لەڕێگەی وێبسایتێکی مۆبایلەوە کار دەکات کە بە کامێرای مۆبایل دەبەسترێتەوە. هەروەها، هەموو ئەو ئاراستە، تابلۆ و شتانەی لە بەردەم کەسی نابینادان بە دەنگ و بە زمانی کوردی بۆی دەخوێنێتەوە، هاوکات رێگە بە بەکارهێنەر دەدات بە دەنگ پرسیار بکات و وێبسایتەکەش راستەوخۆ بە دەنگ وەڵامی بداتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026 مامۆستا ئیبراهیم قادر لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: پێویستە لەڕێگەی زانستەوە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکرێت و بۆیە هەوڵمدا لەڕێگەی تەکنەلۆژیایی نوێ خزمەت بە بەشێکی کۆمەڵگە بکەم کە نابینایە.
مامۆستا ئیبراهیم قادر، دەڵێت "ئەم وێبسایتە بەشێوەیەک نەخشەسازکراوە کە زۆر هاستیارە بە دەنگ، بیستن، شیکارکردن و هەڵسەنگاندن کە بە زمانی کوردی دەکات و بە چەند زمانێکی دیکەش بەردەستە".
بە گوتەی ئەم مامۆستایە، ئەم داهێنانە وەک وەڵامێکە بۆ پێویستییە مرۆییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ ژیانی رۆژانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کوردستاندا. هەروەها، بە پشتیوانی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانم زیاتر خزمەت بە بواری تەندروستی بگەیەنم.
بۆ دەستکەوتنی ئەم وێبسایتە: https://kurdish-life-ibrahim-qadir.ai.studio


