رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیای ئەمریکا ئەو گریمانە باوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە گوایە مێشک یەک ئەندامە و پێی وایە، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین "مێشک" لە راستیدا لە دوو سیستمی جیاوازدروستبووە کە بە درێژایی سەتان ملیۆن ساڵ لە پەرەسەندندا بە جیا سەریان هەڵداوە.
پڕۆفیسۆر د. کایڵ لۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بۆ یەکەمجار نیشانمان داوە کە بەشی پێشەوەی مێشک لە خانەی پێشینەی تەواو جیاواز لە بەشی پشتەوەی مێشک سەرهەڵدەدات''.
دەشڵێت، "دۆزینەوەکەمان واتای ئەوەیە کە ئێستا دەتوانین دەمارەخانەکانی بەشی پشتەوەی مێشک، واتە پشتەمێشک، لە دەفرێکی تاقیگەدا گەشە پێبدەین و لە کارەکانیان بکۆڵینەوە''.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە دوو کۆمەڵەی جیاوازی خانەی پێشینەی مێشک هەن: یەکێکیان جینێک بە ناوی Otx2 دەردەدات و چارەنووسی ئەوەیە ببێتە پێشەمێشک و نێوەڕاستەمێشک. کۆمەڵەی دووەمیش جینێک بە ناوی Gbx2 دەردەدات و گەشە دەکات بۆ پشتەمێشک.
ئەم دۆزینەوەیە رێگەی بە تیمەکە دا بۆ یەکەمجار خانە قەدییە فرەتواناکانی مرۆڤ ئاراستە بکەن بۆ ئەوەی ببنە دەمارەخانەی جووڵەیی کارای پشتەمێشک. ئەمەش دەرفەتی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکانی وەک پووکانەوەی ماسوولکەیی دڕکەپەتک (SMA) ، کە کاریگەریی لەسەر قەدی مێشک دروستدەکەن و تاوەکو ئێستا دەستگەیشتن بە شانەی مرۆیی بۆ لێکۆڵینەوەیان زۆر قورس بووە.


