رووداو – تەندروستی
کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشە، تەرکیز و باری دەروونیی منداڵ و نەوجەوانان دروستدەکات.
ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند دەریدەخات، خەوتن سووتەمەنیی سەرەکییە بۆ گەشەی مێشک و جەستەی منداڵ. هەروەها پابەندبوون بە خشتەیەکی خەوی رێک، کلیلی سەرکەوتنی قوتابییە لە پۆلدا.
د. میشێل درێرەپ، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ئاماژە دەدات، دوو هۆکاری سەرەکی بڕی پێویستی خەوی مرۆڤ دیاری دەکەن، ئەوانیش بۆماوەیی و تەمەنن.
بەگوێرەی ئامارە پزیشکییەکانی ئەم ناوەندە جیهانییە، تێکڕای کاژێرەکانی خەوی پێویست بەپێی تەمەن بەم شێوەیەیە:
- کۆرپەلە (0 تاوەکو 3 مانگ): 14 بۆ 17 کاژێر لە رۆژێکدا.
- منداڵی ساوا (4 تاوەکو 12 مانگ): 12 بۆ 16 کاژێر لە رۆژێکدا.
- منداڵی تەمەن باخچەی ساوایان (1 تاوەکو 5 ساڵ): 10 بۆ 14 کاژێر لە رۆژێکدا.
- قوتابیی سەرەتایی و بنەڕەتی (6 تا 13 ساڵ): 9 بۆ 12 کاژێر لە شەو و رۆژێکدا.
- نەوجەوانان (14 تا 17 ساڵ): 8 بۆ 10 کاژێر خەوی شەوانە.
د. میشێل دەریدەخات، نزیکەی نیوەی نەوجەوانان بە کەمخەوی دەناڵێنن، ئەمەش مەترسیی تێکچوونی باری دەروونی و دابەزینی ئاستی خوێندنی لێ دەکەوێتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند؛ کەمخەویی بەردەوام لە منداڵاندا دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگری، زیادبوونی هەوکردن، قەڵەوی و تێکچوونی سەرنج. پسپۆڕان ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکەن خشتەیەکی خەوی رێک بۆ منداڵەکانیان دابنێن، لانیکەم یەک کاژێر پێش نووستن بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان رابگرن و ژینگەیەکی نووستنی فێنک، تاریک و بێدەنگیان بۆ دابینبکەن.



