رووداو - تەندروستی
لەم بەرنامەیە مەترسییەکانی بە هەڕەمەکیی بەکارهێنانی دەرمانی دژەهەوکردن (دژەئیلتیهابات) باس دەکرێن و باس باسی ئەوەیە کە (چۆن لەم وەرزەدا لە پەتاکان پارێزراو بیت؟)، چارەسەرکارێکی دەروونی نهێنییەکی خەمگینبوون لە پاییزدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تاکەکان زیاتر گۆشەگیر دەبن و کەشەکە وایلێدێت کە چالاکییەکان کەم دەبنەوە، دەشێت خەمۆکی زیاد ببێت.
پزیشکێک لەبارەی کاریگەریی خۆراکە کوردەوارییەکان بۆ چارەسەری پەتای وەرزی قسە دەکات و دەڵێت، هیچیان جێگرەوەی دەرمان نین بۆ چارەسەری پەتاکان و تەنانەت دەرمانەکانیش نابێت بە بێ راوێژی پزیشک بەکاربێن، چونکە بەشێکی زۆریان هی لەنێوبردنی ڤایرۆس نین و بۆ هەوکردنی بەکتریا بەکاردەهێنرێن.
د. هێرش قادر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ئەو پەتایەی ئێستا بڵاو بووەتەوە کۆرۆنا مەترسیدارەکە نییە و تا، بێهێزی و شەکەتیی بەهێز نیشانەی ئەنفلەوەنزان.
لەبارەی ڤاکسینیشەوە گوتی: ڤاکسین وادەکات بە تووندی ئەنفلەوەنزات تووشنەبێت یان هەر نەیگریت.
دکتۆر هێڤین محەممەد ئەمین، دەرمانساز لەنێو بەرنامەکە باسی مەترسییەکان دەرزیی تێکەڵە دەکات و دەڵێت: دەرزیی تێکەڵە ژەهرە بۆ جەستە و ئاو لە جەستە کۆ دەکاتەوە و هۆڕمۆنەکان تێکدەدات، پاشانیش لە داهاتوودا رەنگە ببێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک.
ئەوەش باس دەکات کە دەشێت دوای بەکارهێنانی دەرزیی تێکەڵە، تووشی پەککەوتنی دڵ بیت، هەر بۆیە هۆشداری دەدات کە نابێت دەرمانەکان لەگەڵ یەکدی تێکەڵ بکرێن و بە نەخۆش بدرێن.
بەگوتەی دکتۆر هێڤین محەممەد ئەمین: ئەوانەی زۆر دەرزیی تێکەڵەیان لێدەدرێت، زوو زوو تووشی پەتا دەبن و هیچ دەرمانێک نابێت تێکەڵ بکرێت، چونکە کارلێک لەگەڵ یەکدی دەکەن.
لەڕووی تەندروستییەوە باشترین فەرش بۆ وەرزی هاوین و زستان دەستنیشان دەکرێت و ساوێن تەحسین، پسپۆڕی بایۆکیمیستری و مامۆستای زانکۆ باسی پەیوەندیی نێوان فەرش و لایەنی تەندروستی کرد و دەڵێت: فەرشە پشتلاستیکەکان نەرمی پێدەدات و تەندروستترین فەرشە و فەرشە پۆڵستەرییەکان زبرترن لە فەرشە پشتلاستیکییەکان.
ساوێن تەحسین دەڵێت: فەرشی خوری باشترینە بۆ زستان و فەرشی ئاوریشمی و خوری بۆ پاییز باشترینن. تەنانەت ئەوەش باس دەکات کە سابوونێکی سادە بۆ شووشتنی فەرشی ئاوریشمی بەکاربێت و نابێت فەرش بە مادەی پاککەرەوەی بەهێز بشۆردرێت.
دلیڤان محەممەد، چارەسەرکاری دەروونی لە بەشێکی بەرنامەکەدا لەسەر لایەنی دەروونیی تاک رایگەیاند، هەموو کاتێک خەمگینی هەیە و پەیوەندیی بە وەرزێکی دیاریکراوەوە نییە و خەمۆکیی پاییز لە وەرزی زستاندا دەگاتە لووتکە، لە پاییزیشدا خەڵک زیاتر گۆشەگیر دەبن.
دلیڤان محەممەد روونی دەکاتەوە، خەواڵوویی لە پاییزدا زیاد دەبێت، ئەمەش هۆکارێکی خەمگینییە و بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکیی پاییز، دەوروبەرێکی پاڵپشتیکار پێویستە لەگەڵیشیدا رۆژانە چالاکیی جۆراوجۆر بکرێن.
لە کۆتاییدا دلیڤان محەممەد بۆ ناسینەوەی نیشانەیەکی خەمۆکی و جیاکردنەوەی بەراورد بە خەمباری گوتی: خەمباری کاتییە و خەمۆکی درێژخایەنە.


.png&w=3840&q=75)
