رووداو - تەندروستی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، پسپۆڕانی تەندروستی چەند رێنوێنییەک بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و خۆپاراستن لە نەخۆشییە وەرزییەکان دەخەنەڕوو.
بەگوێرەی شارەزایانی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کلیڤلاند، گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی سارد فشارێکی زۆر لەسەر سیستمی بەرگری دروست دەکات، بەڵام دەکرێت بە رێکاری سادە و پێشوەختە، جەستە لە ڤایرۆس و سەرمابوونی وەرزی زستان بپارێزرێت و رێگری لە پەتای توند بکرێت.
بەپێی کلیڤلاند، گرنگترین رێوشوێنەکان بۆ خۆپارێزی لە زستان ئەمانەن:
- کوتانی وەرزی : وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا، کاریگەرترین رێگایە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە توندەکان.
- ئامادەکردنی سندوقی دەرمان لە ماڵەوە: پێویستە پێش تووشبوون بە پەتای وەرزی، دەرمانی سەرەتایی وەک دژە تا و ئازارشکێن، لەگەڵ پێوانەی گەرمی ئامادەبکرێت.
- گرنگیدان بە خۆراک و ڤیتامین D: لە وەرزی زستاندا بەهۆی کەمبوونەوەی تیشکی خۆر، وەرگرتنی ڤیتامین D دوای راوێژکردن بە پزیشکی دەرمانساز، بۆ بەهێزکردنی ئێسک و سیستمی بەرگری پێویستە.
- پاراستنی شێداری و خواردنەوەی شلەکان: لە وەرزی سارددا سەرەڕای کەمبوونەوەی هەستی تینوێتی، خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و شلەی گەرم بۆ پاراستنی خانەکانی جەستە گرنگە.
- جووڵە و وەرزشکردن: بۆ پاراستنی باری دەروونی و چالاککردنی سووڕی خوێن، پێویستە وەرزش بکرێت.
بەگوێرەی شارەزایانی تەندروستی ناوەندەکە، لەبەر ئەوەی پەتای وەرزی لە مانگە ساردەکاندا خێراتر بڵاودەبێتەوە، گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەپاڵ لایەنی جەستەییدا، کلیلی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستان بە شێوەیەکی تەندروست.

.png&w=3840&q=75)

