رووداو - تەندروستی
دەرمانێکی نوێ بۆ درێژکردنەوەی ژیانی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لەسەر سیستمی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) لە ئینگلتەرا بەردەست دەبێت، دوای ئەوەی دانوستاندنەکان لەسەر نرخەکەی بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.
تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دەریانخستووە، دەرمانی "ئەنەرتو" بە ناوی زانستی "فام تراستوزوماب دیرۆکسیتکان" بە دوو شێوە یارمەتیی تووشبووانی شێرپەنجە دەدات:
1. پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دوادەخات: ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارهێناوە، نەخۆشییەکەیان بۆ ماوەی نزیکەی 10 مانگ پێشنەکەوتووە، لەکاتێکدا بەبێ دەرمانەکە، نەخۆشییەکە دوای نزیکەی 5 مانگ پێشکەوتووە.
2. تەمەنی تووشبووان درێژ دەکاتەوە: بە تێکڕا، ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارهێناوە نزیکەی 23 مانگ ژیاون، بەڵام ئەوانەی بەکاریان نەهێناوە نزیکەی 17 مانگ ژیاون، واتە دەرمانەکە زیاتر لە 6 مانگ ژیانی درێژکردووەتەوە.
د.کاترین ئێلیەت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا دەڵێت، "ئەنەرتو" چارەسەرێکی ئاراستەکراوە راستەوخۆ دەگاتە سەر خانە شێرپەنجەییەکان. ئەنجامی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دەریدەخەن، بۆ ئەو کەسانەی جۆرێکی پێشکەوتووی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە و دوای چارەسەر نەخۆشییەکەیان پێشکەوتووە، دەتوانێت یارمەتیان بدات درێژتر بژین و خراپبوونی شێرپەنجەکەیان دوابخات".
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ تەندروستی و چاودێریی نایاب (Nice) پێشتر لە تەممووزی 2024 دەرمانەکەی رەتکردبووەوە، بەهۆی گرانبوونی نرخەکەی، بەڵام دوای دانوستاندن لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە AstraZeneca و دایچی سانکیۆ، رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی درا.
پێشبینی دەکرێت وەزیرانی وێڵز و ئێرلەندای باکوور هەمان رێکار بگرنەبەر و دەرمانەکە لەوێش بەردەست بکەن.



