رووداو - تەندروستی
لە کۆیە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تەندروستی هەیە و بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەبوونی ژووری چاودێریی چڕ و کەمیی پێداویستیی پزیشکی، رۆژانە نەخۆش رەوانەی هەولێر دەکەن و هۆشداریش دەدات لەوەی پێداویستییە تاقیگەییەکانیان بەرەو نەمان دەچن.
د. محەممەد فەرمان، بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە،بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە نەخۆشخانەکانی سنوورەکەیان نەشتەرگەرییە گشتییەکان، منداڵبوون و ئێسک و شکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام ژووری چاودێریی چڕیان نییە، ئەمەش وایکردووە ناچاربن ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕە، بیانگوازنەوە.
بە گوتەی د. محەممەد فەرمان، رۆژانە سێ بۆ چوار نەخۆش رەوانەی هەولێر دەکەن کە زۆربەیان تووشبووانی جەڵتەی دڵ و مێشکن.
سەبارەت بە کێشەی ئامبوڵانس و سووتەمەنی، بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە گوتی، "سێ ئامبوڵانسمان هەیە و رەزامەندی بۆ سێی دیکە دراوە، بەڵام پارەمان بۆ خەرج نەکراوە و رەوشی دابینکردنی بەنزین زۆر خراپە و ناتوانین بە نرخی ئێستا بیکڕین، بۆیە لەڕێگەی قایمقامەوە بەنزینی 750 دیناریمان بۆ دابینکراوە."
د. محەممەد فەرمان هۆشداریی دا لە کەمبوونەوەی پێداویستییە تاقیگەییەکان و گوتی، "پێداویستییە تاقیگەییەکانمان بەرەو نەمان دەچن و ئەو کۆمپانیایەی کە دەبێت پێداویستییەکان دابین بکات، وەڵامی پەیوەندییەکانمان ناداتەوە."
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)