رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئوسترالیا دەریدەخات، خێراکردنی هەنگاوەکانت دەتوانێت هەمان سوودی 10 هەزار هەنگاوی هێواشت پێ ببەخشێت.
توێژەران لە زانکۆی مۆناش شیکاریی ئاماری 103 هەزار کەس تەمەن 40 بۆ 69 ساڵ کرد، بۆماوەی 7 رۆژ ئامێری چاودێریی جووڵەیان بەستبوو و تا 8 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کرا.
پڕۆفیسۆر د. ئێمانوێل ستاماتاکیس، پسپۆڕی چالاکیی جەستەیی دەریخستووە، هەرچەندە رۆیشتنی رۆژانەی نێوان 7500 بۆ 10000 هەنگاو بە باشترین دادەنرێت، بەڵام خێرایی هەنگاوەکان گرنگیی خۆی هەیە. دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کەمتر لە 5000 هەنگاو بە خێرایی دەبڕن، مەترسیی مردنیان هاوشێوەی ئەو کەسانەیە کە 10000 هەنگاوی هێواش دەبڕن.
د. کەڤین شا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت: بۆ سوودوەرگرتن لە پیاسەکردن، پێویستە هەنگاوەکان خێراتر بکرێن کە پەستانی خوێن رێک دەخات و دڵ بەهێز دەکات. بەردەوامی لەسەر پیاسەی خێرای رۆژانە، تەنانەت بۆ ماوەی پێنج خولەکیش بێت، باشترە لە پیاسەی پچڕ پچڕی ماوە درێژ. هاوکات، ئەو کەسانەی کێشەی دڵیان هەیە، دەبێت پێش دەستپێکردنی پیاسەی خێرا، راوێژ بە پزیشک بکەن.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)