رووداو - تەندروستی
کاتێک کۆکە بۆ ماوەیەکی درێژ (زیاتر لە 8 هەفتە لە گەورەکاندا و 4 هەفتە لە منداڵاندا) بەردەوام دەبێت، زۆرینەی خەڵک پێیان وایە ئاساییە، بەڵام هەڵەیە.
ماڵپەڕی جیهانیی نەخۆشییەکانی هەناسە و هەستەوەری لە وڵاتی نەمسا رایدەگەیێنێت، کۆکەی درێژخایەن جگە لە خورانی قوڕگ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر خەو، چالاکییەکانی رۆژانە و باری دەروونی مرۆڤیش دادەنێت.
پزیشکان ئاماژە دەدەن، هۆکارەکانی ئەم کۆکەیە زۆرن، لەوانە رەبۆ، هەستیاریی لووت، گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، کاریگەریی هەندێک دەرمان، هەروەها پیسبوونی ژینگە و جگەرەکێشان.
بە گوێرەی پزیشکانی نەخۆشییەکانی هەناسە، کۆکەی درێژخایەن لەناو ئافرەتانی سەروو تەمەنی 50 ساڵدا زیاترە، هۆکارە سەرەکییەکەی زیادبوونی هەستیاریی دەمارەکانی گەرووە بەهۆی گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکانی دوای وەستانی سووڕی مانگانە. ئەمەش وادەکات کۆئەندامی هەناسە بەرامبەر وروژێنەرەکان کاردانەوەی هەبێت. هەروەها، گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە و کێشەی ژوورە هەواییەکانی لووت وەکو هۆکاری دیکە دادەنرێن کە لەم تەمەنەدا زیاتر دەبن.
پلاتفۆڕمی جیهانیی نەخۆشییەکانی هەناسە و هەستەوەری ئاگاداری دەدات؛
- جۆری کۆکە جیابکەنەوە.
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ مەکێشن.
- هەرگیز کۆکەی درێژخایەن پشتگوێ مەخە و سەردانی پزیشک بکە.



