رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی زوریخ لە سویسرا پشکنینێکی نوێیان پەرەپێداوە بۆ دەستنیشانکردنی نیشانەکانی دڵشکان و جیاکردنەوەی لە جەڵتەی دڵ.
د. فلۆریان وێنزڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە سەنتەری پزیشکیی دڵ لە زانکۆی زوریخ دەڵێت، "توێژینەوەکەمان پشکنینێکی نوێی بە ناوی BioTAK پەرەپێداوە ،کە بە پێوانەکردنی هەندێ پێکهاتەی نێو خوێن و ئەو پڕۆتینانەی پەیوەندیان بە گوشارەوە هەیە کە (زیاتر لە دۆخی دڵشکان دەردەکەون) کار دەکات".
د. فلۆریان وێنزڵ گوتیشی، ''توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی دوو هەزار کەس ئەنجامدراوە و 90٪ـی پشکنینەکان ئەنجامی راستیان بەدەستەوەداوە.
کۆنیشانەی دڵی شکاو دیاردەیەکی پزیشکی راستەقینەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی هۆڕمۆنەکانی گوشار، بەشێک لە ماسوولکەکانی دڵ بۆ ماوەیەکی کاتی لاواز دەبن، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچن (ئازاری سینگ و هەناسەتەنگی)، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە لوولەکانی خوێن ناگیرێن، بەڵکو تەنیا ماسوولکەکە بەهۆی خەمەوە شۆک دەبێت.
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی



