رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانیی نەجاح لە فەلەستین دەریخستووە، وەرگرتنی ڤیتامین B12 سوودێکی بەرچاوی بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ نییە، بەڵام لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ رێگریکردن لە جەڵتەی مێشک.
د. ئەمیر عەوەشرە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: پێداچوونەوەمان بۆ بەڵگە زانستییەکانی پێشوو کردووە و دەرکەوتووە، هەرچەندە ڤیتامین B12 رۆڵی لە تەندروستیی دڵدا هەیە، بەڵام وەرگرتنی وەک تەواوکەری خۆراکی بە شێوەیەکی بەردەوام رێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ ناکات.
توێژەران بۆیان دەرکەوت، سوودی ڤیتامین B12 لە رێگریکردن بوو لە جەڵتەی مێشک، هۆکاری ئەمەش بە تەواوی روون نییە، بەڵام لەوانەیە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە میکانیزمی دروستبوونی جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ جیاوازن.
ڤیتامین B12 یارمەتیی رێکخستنی هۆمۆسیستین (جۆرێکە لە ترشی ئەمینی کە لە جەستەدا هەیە) دەدات، کە بەرزبوونەوەی پەیوەستە بە نەخۆشیی لوولەکانی خوێن، بەڵام کەمکردنەوەی هۆمۆسیستین مەرج نییە هەموو مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ کەم بکاتەوە.
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو؛
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو ئەوا پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەم ببێتەوە.
.png&w=3840&q=75)

