رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دۆنگ-ئا لە کۆریای باشوور، ئاستی بەرز یان نزمی هیمۆگلۆبین لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و بەتایبەت نەخۆشیی ئەڵزهایمەر.
د. هیون سوو کیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بۆ ماوەی 15 ساڵ چاودێریی داتای زیاتر لە 300 هەزار بەشداربوویان کردووە کە تەمەنیان لە 40 ساڵ زیاتر بووە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کەمترین ئاستی هیمۆگلۆبینیان هەبوو، 16% زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە هەبوو، لەکاتێکدا ئەوانەی بەرزترین ئاستیان هەبوو، ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە 7% بوو ، هەروەها نزمیی ئاستی هیمۆگلۆبین بە رێژەی 14% مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەڵزهایمەر زیاد کردبوو.
د. هیون سوو کیم دەڵێت، "ئەم دۆزینەوانە ئەوە ناگەیێنن کە هیمۆگلۆبین خۆی هۆکاری لەبیرچوونەوەیە، بەڵکو ئاماژەیەکی دیارە بۆ لاوازیی گشتیی جەستە کە پەیوەندیی بە تەندروستیی مێشکەوە هەیە''.
توێژەرانی زانکۆ کۆرییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە، ئاستی نائاسایی هیمۆگلۆبین لەوانەیە نیشانەی کێشەی دیکەی تەندروستی بێت، وەک کەمخوێنی بەهۆی کەمیی ئاسن، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، یان کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، کە ئەمانە خۆیان کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی مێشک هەیە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەبیرچوونەوەیان هەیە.
.png&w=3840&q=75)

