رووداو - تەندروستی
بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و هەنگەوانان هۆکارەکەی بۆ بارانبارینی باش و کەشوهەوای لەبار دەگەڕێننەوە. توێژینەوە جیهانییەکان سوودە تەندروستییەکانی هەنگوین وەک چارەسەرێکی سرووشتی پشتڕاست دەکەنەوە و ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن.
- رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و ئەکادیمیای پزیشکیی منداڵانی ئەمریکی هەنگوین وەک چارەسەرێک بۆ کۆکە و هەڵامەت پێشنیاز دەکات.
- بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆلێژی پزیشکیی پێن ستەیت، پێدانی هەنگوین بە منداڵان کۆکەی شەوانەیان کەم دەکاتەوە و کواڵیتیی خەویان باشتر دەکات.
- توێژینەوەیەک لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی (BMJ) دەریدەخات، هەنگوین بەهۆی لینجە مادەکانییەوە رووی گەدە و سوورێنچک دادەپۆشێت، بەمەش رێگری لە بەرزبوونەوەی ترشەڵۆکی گەدە دەکات و بۆ کەمکردنەوەی دڵەکزێ بەسوودە.
سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، نابێت هەنگوین بدرێت بە منداڵی خوار یەک ساڵان، چونکە ئەگەری تووشبوونیان بە ژەهراویبوون زیاد دەکات.



