رووداو - تەندروستی
بەکارهێنانی دەرمانی دەبەزاندنی چەوریی کە پێیان دەڵێن گرووپی (ستاتین)ـەکان لە تەمەنی پیریدا پارێزەرێکی بەهێزی دڵە، چونکە هاوکارێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی چەوری.
لە کۆنگرەی ساڵانەی کۆمەڵەی دڵی ئەورووپی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا ئاماژە درا بەوەی کە پێدانی دەرمانی دابەزاندنی چەوری بە تایبەت (ئاتۆرڤاستاتینیان) بە کەسانی بەساڵاچوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 30٪.
پڕۆفیسۆر د. رۆبێرت جەی ماکنیل، لە زانکۆی مۆناش دەریخستووە: ئەو کەسانەی رۆژانە 40 ملگم لە دەرمانی ئاتۆرڤاستاتینیان وەرگرتووە، رێژەی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک یان مردنی پەیوەندیدار بە دڵ تەنیا 6٪ بووە و کەمترە لە رێژەی ئەو گرووپەی دیکەدا کە دەرمانی بەتاڵییان وەرگرتووە گەیشتووەتە 8.3٪.
مایۆکلینیک جەخت دەکاتەوە لەوەی کە هەرگیز نابێت دەرمانی دڵ بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بەکاربهێنرێت یان بگۆڕدرێت و پێویستە هەمیشە هاوشان بێت لەگەڵ شێوازێکی ژیانی تەندروست، وەک (دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، وەرزشکردن و خۆراکی هاوسەنگ).



