رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، زەبری دەروونی منداڵی شوێنەواری هەمیشەیی لەسەر مێشک جێدەهێڵێت، کە وادەکات کەسەکە تاوەکو دەیان ساڵ دواتر هەستیارتر بێت بەرامبەر بە رووداوەکان.
زانایان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن زەبری دەروونی منداڵی شێوازی پێچەکانی DNA دەگۆڕێت، بەجۆرێک کە جینە پەیوەندیدارەکان بە گوشاری دەروونییەوە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ساڵانێکی زۆر دواتر بە ئاسانی چالاک ببن.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاشکرای دەکات ئەو منداڵانەی رووبەڕووی زەبری دروونی دەبنەوە ئاستی ئەنزیمێک بەناوی (SETD7) لە مێشکیاندا زیاد دەکات، ئەم ئەنزیمە وا لەو جینانە دەکات کە بەرپرسن لە کاردانەوەی گوشاری دەروونی، ئاسانتر چالاک ببن.
د. مێگان کرید، سەرپەرشتیاری تویژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکیی واشنتن، رایگەیاند: "ئێمە پرۆسەیەکی بایۆلۆژیی نوێمان دۆزیوەتەوە کە ئەزموونی سەختییەکانی سەرەتای ژیان بە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەم دۆزینەوەیە شوێنەوارێکی فیزیایی ئاشکرا دەکات کە لە ئەنجامی زەبری قۆناخی گەشەکردنەوە لەنێو خانەکانی مێشکدا بەجێماوە."



