رووداو - تەندروستی
حکومەتی بەلجیکا بڕیارێکی نوێ لە بارەی خواردنەوە کحولییەکان دەدات، هەموو کۆمپانیاکان ناچار دەکات لەسەر بەرهەمەکانیان بنووسن (کحول زیانی بۆ تەندروستی هەیە).
خاوەن مەیخانەکان لە بڕیارەکە ناڕازین و یەکێکیان بە ناوی تۆم ڤان هیۆڤەربێک، دەڵێت: زێەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول زیانی دەبێت، بەڵام باوەڕ ناکەم بڕێکی دیاریکراو زیان بە تەندروستی بگەیێنێت، بەرپرسیارێتی کڕیارەکانە کە بە بڕێکی مامناوەند بخۆنەوە.
حکومەتی بەلجیکا لە 27ـی ئادارەوە مەرجەکانی فرۆشتن و بەکارهێنانی کحولی تووند کردووە. بەم شێوەیە؛
- هەر بیرە و خواردنەوەیەکی کحولی، دەبێت لەسەری بنووسرێت (زیانی تەندروستیی هەیە)، لەکاتێکدا پێشان دەنووسرا (زۆر بەکارهێنانی کحول زیان بە تەندروستی دەگەیێنێت).
- رێکلامکردن بۆ پێشکێشکردنی خواردنەوەی کحولی خۆڕایی قەدەخەیە.
- نابێت هیچ کەسایەتییەکی کاریگەر و بەنێوبانگ رێکلام بۆ خواردنەوە کحولییەکان بکات.
تەندروستیی جیهانی دەیەوێت وڵاتان لە رێگەی سنووردارکردن و زیادکردنی باجی سەر کحول رێگری لە ئاڵوودەبوونی گەنجان بکرێت.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە: لە زۆربەی وڵاتاندا باجی سەر کحول ئەوەندە کەمە کە کاریگەریی نییە و بە شێوەیەکی خراپ داڕێژراون، بە رێکوپێکی گونجاندنیان بۆ ناکرێت و بەدەگمەن لەگەڵ ئامانجەکانی تەندروستیی گشتیدا یەکدەگرنەوە. نرخی کحول و خواردنەوە شیرینەکان هەرزانتر بووە، لە کاتێکدا ئەو نەخۆشی و زیانانەی پەیوەندییان بە بەکارهێنانیانەوە هەیە، بەردەوامن لە دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر سیستمی تەندروستی، خێزانەکان و بودجەکان.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کحول ساڵانە دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس دەکوژێت و هیچ بڕێکیشی سەلامەت نییە؛ دەکرێت ببێتە هۆی؛ لەبیرچوونەوە، ئاوسان و سستبوونی جگەر، بەرزەپەستانی خوێن، خەمۆکی، لاوازبوونی سیستمی بەرگری و لاوازیی سێکسی.



