رووداو - تەندروستی
پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی رووەکی (ڤیگن) بۆ ماوەی چوار هەفتە، دەتوانێت گۆڕانی گەورە لەو نیشانە بایۆلۆژییانەدا دروستبکات بەرپرسن لە هەوکردن و خێراکردنی پڕۆسەی پیربوونی جەستە.
د. کڕیستۆفەر گاردن، پسپۆڕی خۆراک و بایۆلۆژی لە زانکۆی ستانفۆرد رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەیان لەسەر کۆمەڵێک دووانە کرد و بەو پێیەی دووانەکان جیناتیان زۆر لە یەکتر نزیکە، گرووپێک بۆ ماوەی چوار هەفتە تەنیا خۆراکی رووەکی خوارد و گرووپێکی دیکە گۆشت و بەرهەمی ئاژەڵییان خوارد.
ئەنجامەی توێژینەوەکە ئەمانە بوو؛
- ئەو کەسانەی سیستمی رووەکییان پەیڕەو کرد، پشکنینەکانی خوێن دەریانخست نیشانەکانی هەوکردن لە جەستەیاندا کەم بووەتەوە و خانەکانیان گەنجتر و تەندروستتر دەرکەوتوون، هەروەها دەبێتە هۆی دابەزینی چەوریی زیانبەخش (LDL) و دابەزینی کێش.
- ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە تەنیا لە ماوەیەکی کورتدا (تەنیا چوار هەفتە) بەدیارکەوت.
توێژینەوەیەکی دیکە لە زانکۆی فریبێرگی ئەمریکی، لەسەر کۆمەڵێک کەسی پێگەیشتووی تەندروست ئەنجامدراوە، زیاتر لە 800 هەزار خاڵی گۆڕانی کیمیایی لە جیناتی بەشداربوواندا پشکنیووە و دەرکەوتووە، گۆڕینی خۆراک بۆ سیستەمی رووەکیی تەواو (ڤیگن) کاریگەرییەکی خێرا و ئەرێنی لەسەر خانەکانی جەستە دروستدەکات.
بەپێی گوتەی توێژەرانی ئەم توێژینەوە، نەخۆشییە درێژخایەنەکان زۆرجار بەهۆی هەوکردنی بەردەوام لە جەستەدا دروستدەبن، پێویست نییە هەموو کەسێک ببێتە ڤیگنی تەواو، بەڵام زیادکردنی بڕی سەوزە، میوە و خۆراکی رووەکی بۆ ژەمەکانت، قەڵخانێکی بەهێزە بۆ پاراستنی تەندروستی و درێژکردنەوەی تەمەنی خانەکانی جەستە.

.png&w=3840&q=75)

.jpeg&w=3840&q=75)