رووداو - تەندروستی
لەرۆژی لەدایکبوونی پێخەمبەری ئیسڵام، محەممەد (د.خ) پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ چەند رێنوێنییەک لەبارەی خواردنی شیرینی دەدات.
د. کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ بە رووداوی گوت " ناڵێین لەم رۆژەدا شیرینی نەخورێت بەڵکو کەمترین رێژەی شیرینی بخورێت، ئەو شیرینییانە بخورێن کە بڕێکی کەم لە کالۆریان تێدایە وەک خورما بەگوێز یان خورما بە بادەم، پێویستە لوقمەقازی و پاقڵاوە نەخورێت".
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەو کەسانەی رۆژی مەولوود شیرینی دەخۆن نابێت برنج و نانی سپی بخۆن، پێویستە وەرزش بکەن بۆ نمونە 30 بۆ 45 خولەک بەپێ بڕۆن و بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە".
بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، د. کارزان عەبدوڵڵا، رێنوێنیی تایبەتی هەیە و دەڵێت، "ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، پێویستە چاودێری دۆخی تەندروستییان بکەن و دەرمانەکانیان وەربگرن. دەبێت کەمترین بڕ شیرینی و کەمترین رێژەی نانی سپی و برنج بخۆن."


